کوردپرێس:
ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق تێدەپەڕێت، لەماوەی ئەم ساڵەدا، هەرێمی کوردستان هەناردەی نەوتەکەی ڕاوەستاوە، سەرباری تێپەڕینی یاسای بوودجە، هێشتا پشکی خۆی لە بوودجەکەدا نازانێت، ماددەی ۱۴۰ هەر لە سەرەمەرگدایە، رێککەوتنی شەنگال جێبەجێ نەکراوە و بوودجەی پێشمەرگەش لەگەڵ پشکی هەرێمدا لەناو گێژاودا ماوەتەوە، پارتی و یەکێتیی چۆن دوای هەڵبژاردن چوونە ناو دانوستانە سیاسییەکان و بەشداری حکوومەتیان کردەوە؟ وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
خواستی کورد لە کابینەی سوودانیدا
دیارترین ئەو دۆسیەیانەی کە کورد چاوی لەسەر بوو لە کابینەی سوودانیدا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە ئەمانەن:
• ماددەی ۱۴۰ی دەستور تایبەت بە "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان"
• بەشە بودجەی هەرێم.
• دۆسیەی نەوتو گاز.
• بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان.
• بابەتی مافو شایستە دەستورییەکانی پێشمەرگە.
• بابەتەکانی دیکەی وەک پرۆژە یاساکانی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵیو نەوتو گاز.
کورد لە یەک ساڵەی کابینەی سوودانیدا
لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا، کە محەمەد شیاع سوودانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، هەرێمی کوردستانو حکوومەتەکەی روبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بونەتەوە، لەوانە:
ڕاوەستانی هەناردەی نەوت
۲۵ی ئازاری ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راوەستا، ئەمە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سکاڵایەکی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا. بە راوەستانی هەناردەی نەوت، حکوومەتی هەرێم رێژەی نزیکەی ۸۰%ی داهاتەکانی لەدەستدا.
سەرباری ئەوەی تورکیا بەمدواییە ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا حکوومەتی عێراق ئامادە نییە بچێتە ژێر باری هیچ مەرجێکی پێشوەختەی تورکیا سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی ئەو قەرەبووەی کە بەپێی بڕیاری دادگای پاریس دەبێت تورکیا بە عێراقی بدات کە بڕەکەی نزیکەی ملیارێکو ۵۰۰ ملیۆن دۆلارە، لەپاڵ ئەمەشدا، بەپێی یاسای بودجە، حکوومەتی هەرێم پابەندکراوە بەوەی ئەگەر هەناردەی نەوت بۆ تورکیا دەستی پێ نەکردەوە، نەوتەکەی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکاتو لەسەر ئەو بنەمایە ئێستا رۆژانە حکوومەتی هەرێم ۸۵ هەزار بەرمیل نەوت بە حکوومەتی فیدراڵ دەدات.
سوودانی کە دەستبەکاربوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دژی حکوومەتی هەرێم دەرکردبوو بڕیاری ۱۵ی شوباتی ۲۰۲۲، بەپێی بڕیارەکە یاسای نەوتو غازی هەرێم هەڵوەشێندرایەوەو هەرێم پابەندکرا بە رادەستکردنی نەوتو غازەکەی بە حکوومەتی فیدراڵ. سوودانی هەر لە سەرەتاوە نوێنەرانی کوردی ئاگادار کرد لەوەی لەتوانایدا نییە بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێم رابگرێت، چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە ئەوەیە یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەربچێتو لەو یاسایەدا دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵو حکوومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت و غازدا یەکلا بکرێتەوە. سوودانی لە کارنامەی حکوومەتەکەیدا بەڵێنیدا لەماوەی ۶ مانگ دوای دەستبەکاربوونی حکوومەت، یاسای نەوت و غاز رەوانەی پەرلەمان بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی، لە شوباتی ئەمساڵەوە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ چوونە ناو زنجیرەیەک دانوستان لەبارەی یاسای نەوت و غاز، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە رێککەوتن، نوێنەرانی حکوومەتی فیدراڵ زۆرینەی داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێم لە یاسای نەوت و غازدا رەت دەکەنەوە، لەوانە: وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە حکوومەتی هەرێم نەوت بفرۆشێت، هێڵی بۆری نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوتو غازی هەبێت، یاسای نەوتو غازی هەرێم دوای هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە جارێکی تر زیندوو بکرێتەوە.
بەم دۆخەوە، نەک شەش مانگ، ساڵێکیش بەسەر سوێندخواردنی حکوومەتی سوودانیدا تێدەپەڕێتو هێشتا چارەنووسی یاسای نەوت و غاز بە نادیاری ماوەتەوە کە یەکێکە لە بەڵێنە سەرەکییەکانی سوودانی بۆ کورد لەم کابینەیەدا.
سوودانی خۆی لەناو لایەنەکانی چوارچێوەدا پێگەی بەهێز نییە، وەکوو کاندیدی تەوافوقی دانراوە، یەکێک لە بەرپرسانی چوارچێوە وتویەتی" سوودانی هەر هێندەی بەڕێوەبەرێکی گشتی دەسەڵاتی هەیە"، ئەو بەردەوام بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتو چوارچێوەی هەماهەنگیی دەکات، لەسەر بنەمای راسپاردەکانی ئەم کۆبونەوانە سیاسەتی حکوومەتەکەی ئاڕاستە دەکات.
پشکی هەرێم لە بوودجەی حکوومەتی سوودانیدا
بۆ جاری یەکەم لە دوای روخانی سەددامەوە، لە سەردەمی کابینەی سوودانیدا پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسایەکی بودجەی دەرکردووە کە بۆ سێ ساڵ کاری پێدەکرێت ۲۰۲۳-۲۰۲۴-۲۰۲۵، ئەم یاسایە لە رۆژی ۲۵ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵام هێشتا حکوومەتی هەرێمو حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پشکی هەرێم لەناو بودجەکەدا نەگەیشتونەتە رێککەوتن.
حکوومەتی هەرێم لە یاسای بوودجەدا قایل بووە بەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی بەتەواوەتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ بکات، بەڵام ئەو پارەی کە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە یاساکەدا تەرخان کراوە، لەنێوان هەولێر و بەغداد کێشەی لەسەرە، سەرباری ئەمە هەردوو حکوومەتەکە لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان و بابەتی دیاری کردنی پشکی هەرێم لە خەرجی ڕاستەقینەی عێراق ناکۆکن، بەهۆی ئەم دۆخەوە جارێکی تر بابەتی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران لە هەرێم سەریهەڵداوە.
لە پرۆسەی خوێندنەوەی یاسای بوودجەوە ئیتر حکوومەتی هەرێم و بەدیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تۆمەتبار کرد بەوەی لەرێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەت و ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لایانداوە، بەتایبەتیش دوای دەستکاری کردنی رێککەوتنی مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە یاسای بوودجەدا.
ئێستا کە حکوومەتی سوودانی یەک ساڵی تەمەنی خۆی بەڕێدەکات، پارتی و یەکێتیی وەکوو دوو بەشداری حکوومەتەکە چاویان لەوەیە بەغداد بەشێوەی قەرز بڕی ۷۰۰ ملیار دیناری تر لە هەفتەی داهاتوودا بۆ حکوومەتی هەرێم بنێرێت، بۆ ئەوەی بەم پارەیە حکوومەت بتوانێت لە کۆتاییەکانی مانگی ۱۰دا دەست بە دابەش کردنی مووچەی مانگی ۸ی مووچەخۆرانی هەرێم بکات.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی وەکو لایەنی گەورەو بەهێزی ئیئتیلافی پێکهێنەری حکوومەت ئامادە نین کێشە داراییەکانی هەرێم لە بودجەدا چارەسەر بکەن، تا ئەوکاتەی کورد قایل دەبێت بە تێپەڕاندنی یاسای نەوتو غاز.
ماددەی ۱۴۰
کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ۱۴۰ی دەستور کە لەساڵی ۲۰۱۴وە پەکی کەوتبوو، یەکێک لەو بڕگانە بوو کە لەسەر داوای کورد لە رێککەوتنی پێکهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا جێگیرکرا.
کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ۲۰۲۲ خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە پشکی یەکێتیی ئاشکرای کرد "بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران، لیژنەیەکی باڵا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ۱۴۰ی دەستور پێکدەهێنرێت، لیژنەکە لەماوەی ۱۰ رۆژدا کۆدەبێتەوە بۆ ئامادەکردنی بودجەی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی ئەم ماددەی دەستور دەیانگرێتەوە، دواتر بودجەکە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی لەناو بودجەی گشتیدا دابنرێت".
بەپێی دەستوری عێراق دەبوو ماددەی ۱۴۰ تاوەکو ساڵی ۲۰۰۷ جێبەجێ بکرایە، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە، کرۆکی ماددەیە ئەوەیە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان، پرۆسەیەک بە سێ قۆناغ بەڕێوەببرێت، قۆناغی یەکەم ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، قۆناغی دووەم سەرژمێری کردن و قۆناغی سێیەم و کۆتایش ئەنجامدانی راپرسی.
عەرەب و تورکمانەکان زۆرینەیان باوەڕیان وایە ماددەی ۱۴۰ وادەی بەسەرچووەو چیتر زیندوو ناکرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی ۲۰۱۹ دادگای فیدراڵی پشتڕاستی کردوەتەوە کە ماددەی ۱۴۰ هێشتا نەمردووە.
لەدوای پەسەندکردنی دەستوری عێراق لە ساڵی ۲۰۰۵، دۆسیەی سەرەکی کورد لە بەغداد پرسی جێبەجێکردنی ماددەی ۱۴۰و گەڕانەوەی ناوچە جێناکۆکەکان بوو بۆ ناو چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم ساڵانەی دوایی کە پرسی نەوتو بودجە بووە بەتەوەری سەرەکی، چیتر ماددەی ۱۴۰ ئەو سەرەنجەی جارانی لەسەر نەماوە.
یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ و دادگای فیدراڵی
هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵیو دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ دوان لەو یاسایانەن کە حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بەڵێنیداوە جێبەجێیان بکات و بەلای کوردەوە گرنگن.
دادگای فیدراڵی لە سەرەتای ۲۰۲۲ەوە ژمارەیەک بڕیاری قورسی لەدژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، لە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێمو هەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسانی هەرێم لەوکاتەوە ناو بەناو دادگاکە بە نادەستوری ناودەبەن، بەڵام پابەندیشن بە بڕیارەکانییەوە.
ئەنجومەنی فیدراڵیش کە بە ژوری دووەمی دەسەڵاتی یاسادانان دادەنرێت، تائێستا لە عێراقدا بوونی نییە، ئەمە لەکاتێکدایە دەبوو دوای پەسەندکردنی دەستور لە ۲۰۰۵دا دروستبکرایە، بەوپێیەی بوونی ئەنجومەنێکی لەم جۆرە لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا کۆڵەکەی سەرەکی سیستەمەکەیەو چاودێرە بەسەر ئەو یاسایانەی کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەردەکرێن.
سەرباری بەڵێنەکانی سوودانی لەبارەی دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵیو ئەنجومەنی فیدراڵ، هێشتا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەمبارەیەوە بەدی ناکرێت، هەرچەندە ۲۴ی ئەیلولی ئەمساڵ لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند "سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاساکانی دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی تەواوکردووە".
پێشمەرگە و شەنگال
پشکی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق بەپێی ئەوەی لەیاسای بودجەدا هاتووە بە بڕی ۱۹ ملیار دینار بۆ هەر مانگێک دیاری کراوە، بەڵام ئەمیش بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمو بەغداد لەبارەی بەشە بودجەوە، چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، هەرچەندە دانانی ئەم بڕە بودجەیە بۆ پێشمەرگە لەناو یاساکەدا وەکو جۆرێک لە دانپێدانان بە پێشمەرگە ئەژماردەکرێت وەکوو هێزێکی بەرگری لە عێراقدا.
سەربارەت بە رێککەوتنی شەنگالیش کە سوودانی لە بەرنامەی حکوومەتەکەیدا بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە، ئەم رێککەوتنە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
هەرێمو بەغداد لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۰ رێککەوتنی شەنگالیان ئیمزا کردووە، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت دۆخی ئەو قەزایە ئاسایی بکرێتەوەو بەشێوەی هاوبەش هەردوولا ئیدارەی ناوچەکە بدەن.
کورد لە گێژاوی ململانێی ناوخۆی شیعەدا؟
ئەمڕۆ کابینەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ساڵی یەکەمی تەمەنی خۆی تەواو دەکات، ۲۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۲ ئەم حکوومەتە متمانەی پەرلەمانی وەرگرت.
حکوومەتی سوودانی دوای ساڵێک دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق لەدایکبوو، هەڵبژاردنێک کە تێیدا سەدر زۆرینەی کوردسییەکانی بردەوە، بەڵام هاوشێوەی هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراقی دوای روخانی رژێمی سەددام، ئەمجارەش براوەی یەکەمی هەڵبژاردن نەتوانی یان رێگەی پێنەدرا، کابینەی حکوومەت دروست بکات.
هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کە ۱۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ بەڕێوەچوو، پێنجەم هەڵبژاردن بوو لە مێژووی عێراقی دوای سەددامدا، ئەم هەڵبژاردنە جیاواز بوو لە هەڵبژاردنەکانی پێش خۆی، بەوەی دوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ۲۰۱۹ ئەنجامدرا، خۆپیشاندانێک کە بۆ یەکەمجار لە عێراقی نوێدا سەرۆک وەزیرانێکی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کردو سیستەمی هەڵبژاردنیشی لە وڵاتدا گۆڕی، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەمجار سیستەمی "فرە بازنەیی" لە عێراق جێبەجێ کرا.
هەر لە سەرەتاوە، دەرنجامی هەڵبژاردنەکە ماڵی شیعەکانی دابەشکرد بەسەر دوو جەمسەری ناکۆکدا، سەدرییەکان وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن ۷۳ کورسی پەرلەمان لەلایەکو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ عەممار حەکیم+ عەبادی+ فالح فەیاز لەلایەکی تر، کە ناڕازیبوون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە.
دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دابەشبوون بەسەر ماڵە ناکۆکەکەی شیعەدا، پارتی کە ۳۱ کورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە، هەر زوو چووە ناو رێککەوتن لەگەڵ سەدرییەکان، سەدر وەکوو براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ "پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی"و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی تەوافوقی دەکرد، کە لە عێراقی دوای سەددامدا بووە بە نەریت، یەکێتیش کە ۱۸ کورسی بردەوە، خۆی بۆ پشتیوانی لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە یەکلاکردەوە کە بە "بەرە ئێرانییەکە" ناسراون.
سەدر کە لەچوارچێوەی رێککەوتنێکدا، پارتی و زۆرینەی سوننەکانی لەخۆی کۆکردبووەوە، یەکەم هەنگاوی خۆی بە ئاڕاستەی پێکهێنانی حکوومەت بەبێ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی خستە بواری جێبەجێکردن و لەناو پەرلەماندا بەزۆرینە، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سوننەکان هەڵبژاردەوە، هەنگاوی دووەمی رێککەوتنی سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی بریتی بوو لە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی کوردە، پارتی لەچوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا، بۆ یەکەمجار ویستی پۆستی سەرۆک کۆمار لە یەکێتیی وەرگرێتەوە، هۆشیار زێباری بۆ پۆستەکە کاندید کرد.
بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دەرگا لەبەردەم سەدردا دەکرایەوە کابینەیەکی نوێی حکوومەت دروست بکات، چوونکە بەگوێرەی دەستور، سەرۆک کۆماری نوێ کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی رادەسپارد بە پێکهێنانی حکوومەت، بۆیە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە دادگای فیدراڵییەوە دوو کاریان کرد بۆ رێگریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار:
• هەنگاوی یەکەم: لەسەر سکاڵای لایەنەکانی چوارچێوە، رۆژی ۳ی شوباتی ۲۰۲۲ دادگای فیدراڵی حوکمێکی دەرکردو رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نیسابەکەی بە دوو لەسەر سێ پێکدێت، واتا لە کۆی ۳۲۹ ئەندامی پەرلەمان دەبێت ۲۲۰ ئەندام ئامادە بن، ئەمە بە زیانی هاوپەیمانی سیقۆڵی سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی کۆتایی هات، بەتایبەتیش کە هاوپەیمانێتییەکە ئەم ژمارەی پێ کۆنەدەکرایەوەو بارزانی دەیویست بە زۆرینەی سادە سەرۆک کۆمار لە یەکێتیی وەربگرێتەوە، دوو لەسەر سێکەی دادگای فیدراڵی دواتر ناوی لێنرا دوو لەسەر سێی پەکخەر، چوونکە وایکرد هیچ هاوپەیمانێتییەک بەبێ ئەوەی تر نەتوانێت هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تەواو بکات، واتا جارێکی تر دەرگای کردەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی تەوافوقی لە عێراق دروست بکرێت، نەک وەکو ئەوەی سەدر بانگەشەی بۆ دەکرد کە "حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی" بوو.
• هەنگاوی دووەم: هەر لەسەر بنەمای سکاڵایەکی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، رۆژی ۶ی شوباتی ۲۰۲۲، دادگای فیدراڵی رێوشوێنەکانی کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار راگرت، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی لەبارەی "گەندەڵی" ئاڕاستەی کرابوون، ئەمەش گورزێکی تر بوو بەر بارزانی کەوت، رۆژی ۱۳ی شوباتی ۲۰۲۲ دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی داو کاندیدبوونی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رەتکردەوە، ئەمە هاوکات گورزێکیش بوو کە هاوپەیمانێتییەکەی سەدر.
ئەم دوو هەنگاوەی دادگای فیدراڵی بەتەواوەتی سەدری بێئومێد کرد، رۆژی ۱۲ی حوزەیرانی ۲۰۲۲ لەسەر داوای موقتەدا سەدر، پەرلەمانتارانی کوتلەی سەدر کە ژمارەیان ۷۳ پەرلەمانتار بوو، بەکۆمەڵ دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان کێشایەوەو بەمە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە.
رۆژی ۲۳ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، پەرلەمانی عێراق میراتییەکەی سەدری بەسەر لایەنە براوەکانی هەڵبژاردندا دابەشکرد کە ۷۳ کورسی بوو، بەمە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون بە کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانو ژمارەی کورسییەکانیان بۆ زیاتر لە ۱۲۰ کورسی بەرزبووەوە.
تێههڵچوونهوه لهگهڵ حکوومهتی شیعهکاندا
کۆتاییەکانی مانگی ئەیلولی ۲۰۲۲، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ، ئیئتیلافی "ئیدارەی دەوڵەت" لەدایکبوو، ئەم ئیئتیلافە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەکانی واتا یەکێتی و هاوپەیمانی عەزمی سوننەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی پێشووی سەدر واتا بارزانی و حەلبووسی لە خۆگرت.
پارتی کە لە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ سەدر بە دەستی بەتاڵ هاتە دەرەوە، دواجار ناچار بوو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بچێتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، پارتییەکان لە سەرەتاوە گەشبین بوون بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ سەدر، لەمەشدا زیاتر چاویان لەسەر ئەوە بوو کە رەوتی سەدر وەکو پارتی حزبێکی مەرکەزییەو راوبۆچوونی جیاوازی تێدا نییە، بۆیە رێککەوتنەکە دەبێت بە رێککەوتنی نێوان بارزانی و سەدر و ئەگەری پابەندبوون پێیەوە بەهێزترە، پارتی بۆ ئەمە هەموو رەهەندە سیاسییەکانی تری سەدری پشتگوێ خست، بەتایبەتیش لەوەدا کە سەدر خەونی بە مەرجەعبوونی هەیەو لە کاری سیاسیدا زۆر پشوو درێژ نییە.
یەکێتیش کە لەسەرەتاوەی خۆی بۆ لایەنەکانی چوارچێوە واتا بەرەکەی نزیک لە ئێران یەکلاکردەوە، دوای کشانەوەی سەدر ئیتر دەرفەتی بۆ خۆش بوو، پێگەی خۆی لە عێراقی نوێدا بەهێزبکاتەوە.
رۆژی ۱۳ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۲، لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا، لەتیف رەشید وەکو سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا، پارتی تاکە دەستکەوتێک کە لە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی چنییەوە ئەوە بوو رێگری کرد بۆ جاری دووەم بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردرێتەوە، بەمە تۆڵەی مێژووی خۆی کردەوە، یەکێتیش کە بەفەرمی پشتیوانی کاندیدبوونی لەتیف رەشیدی نەدەکردو پەرلەمانتارەکانیشی دەنگیان پێنەدا، دواجار بە هەڵبژاردنی لەتیف رەشید وەکوو کاندیدی خۆی قایل کراو خاڵی پۆستی سەرۆک کۆماریش لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەکاندا، لە یەکێتی بڕدرا.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، رۆژی ۲۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۲، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لە پەرلەمانەوە متمانەی بە کابینەی نوێی حکوومەت بەخشی، لەم کابینەیەدا کورد ۴ پۆستی وزارەتی بەرکەوت، کە یەکێکیان پۆستی باڵایە و لەبری پۆستی سەرۆک کۆمار دراوە بە پارتی:
• فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە پارتی
• خالید شوانی وەزیری داد یەکێتیی
• بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە پارتی
• نزار ئامێدی وەزیری ژینگە یەکێتیی
سەرباری ئەمە، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمجارەش هەر لای پارتی مایەوەو ئێستا شاخەوان عەبدوڵا لە پۆستەکەدایە.
لە کابینەی سوودانیدا، کورد دوو پۆستی بریکاری وەزیری وەرگرتەوە، کە یەکێکیان لای پارتیو ئەوی تر لای یەکێتییە:
• مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزیری دارایی
• عزەت سابیر بریکاری وەزارەتی نەوت
سەرباری ئەوەی پێکەوە بەشدارن لە ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت و پۆستەکانی حکوومەتیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردبوو، بەڵام پارتی و یەکێتیی دوو دوو نەیاری سیاسی یەکتر چوونە ناو گفتوگۆکانی یاسای بودجەوە، ئەمە وایکرد لایەنە عێراقییەکان بتوانن بۆچوونەکانی خۆیان لەناو یاساکەدا بچەسێنن.
پارتیو یەکێتیی پشکی هەموو کوردیان لە ناو کابینەی حکوومەت بردووە، کورد لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا خاوەنی ۶۳ پەرلەمانتارە، لەم ژمارەیە پارتی و یەکێتیی پێکەوە ۴۹ کورسییان هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە ۹ کورسی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و ۴ کورسی یەکگرتووی ئیسلامی و کورسییەکی کۆمەڵی دادگەریی.
Your Comment