سوپای عێراق کیلۆمەتر و نیوێکی تر لە خاکی هەرێمی کوردستان نزیک بوویەوە

بەشی عێراق و هەررێمی کوردستان- هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق ڕێکەوتنێکیان ئەنجامدا لەسەر چەند خاڵێکی سەربازی ستراتیژی گرنگ لەسەر زنجیرە چیای قەرەچوخی نزیک کەمپی مەخمور و بەپێی ڕێککەوتنەکە سوپای عێراق لەسەر چیاکە جێگیردەبێت و بەمەش بە ڕەسمی کیلومەتر و نیوێکی تر لە خاکی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە، ئەمە بەگوێرەی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخش لە چیای قەرەچوخ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "۶ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور بوونیان هەیە و خاڵەکان نزیکن لە یەکترییەوە، بەڵام پێشتر سێ خاڵیان هیچ هێزێکی تێدا نەبوو، تەنها سێ خاڵیان پەکەکەی تێدابوو. پێشمەرگە و سوپا ڕێککەوتن سێ خاڵیان بۆ پێشمەرگە و سێ خاڵیان بۆ سوپای عێراق بێت."

زنجیرە چیای قەرەچوخ بە شوێنێکی ستراتیژی لە ڕووی سەربازییەوە دادەنرێت. لای باشووری ڕۆژاوای زنجیرە چیاکە، گردەکانی زورگەزراو و کەندێناوایە، لای ڕۆژهەڵاتیشی سنوری دەشتی هەولێرە.

غازی فەیسەڵ دەشڵێت: "چیای قەرەچۆخ تاکە چیای هەرێمی کوردستانە کە لەسەر سنورە لە ناوچەی قەراج و کەندیناوا و زۆر زاڵە بەسەر ناوچەی کەندیناوا و دیبەگە و مەخمور. شوێنێکی ستراتیژی سەربازی زۆر زۆر گرنگە بەڕاستی. هەر هێزێک لەسەر ئەو شاخە بێت ئەو زاڵدەبێت بەسەر ناوچەکە و ئەو زنجیرە چیایە وەکوو شورایەک وایە بۆ شاری هەولێر."

ڕێککەوتنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پاش ئەوە هات ڕۆژی ۲۲ی دەی ۲۰۲۳ لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچوخ و دوای کشانەوەی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا و بەهۆیەوە ۴ پێشمەرگە و دوو سەربازی عێراقی کوژران.

کوژراوەکانی پێشمەرگە بریتین لە عەقید قەهار جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر ڕەحمان و فەرماندەی لیوای ۱۸ی پیادە ساڵح فەتاح زراری و موقەدەم پوشۆ خالی.

ڕێککەوتنەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی دوێنێ چوارشەمە ئەنجامدراوە.

خۆپیشاندان لە کەمپی مەخمور

بەگوێرەی زانیارییەکان، پێنجشەمە دانیشتوانی کەمپی مەخمور دژی ڕێککەوتنەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و نزیکبوونەوەی پێشمەرگە لە کەمپەکەیان ڕەتدەکەنەوە.

غازی فەیسەڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دانیشتوانی کەمپی مەخمور بە خۆپیشاندان چوونەتە سەر خاڵە سەربازییەکان و ڕەتیدەکەنەوە پێشمەرگە نزیک ببێتەوە لە کەمپەکەیان."

فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک ڕازی نین هێزی پێشمەرگەی پارتی لە نزیک کەمپی مەخمور جێگیرببن چونکە بەگومانین لێیان."

سەبارەت بە وەڵامی بەرپرسانی سوپای عێراق بۆ خۆپیشاندانەکەیان، فلز بوداک وتی، "وەڵامیان نەداوینەتەوە."

ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور هۆکاری خۆپیشاندانەکەی بۆ "نزیکایەتی هێزەکانی پارتی لە تورکیا" گەڕاندەوە.

بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوخ.

بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوخ.

سەعید مەم وزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە حزبەکەی دەستی لەگەڵ تورکیادا لە دژی دانیشتوانی کەمپی مەخمور تێکەڵ کردبێت وتی "پارتی دەستی بێگانە ڕاناکێشێت بۆ دژایەتی هاوڵاتی کورد."

کشانەوەی پەکەکە

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی ڕۆستەم جودیش ناسراوە، نزیکەی ۱۰ هەزار خێزانی کوردی کوردستانی تورکیای تێدایە. لە ساڵی ۲۰۱۴ەوە هێزێکی پەکەکە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپەکە جێگێربوو بە پاساوی پاراستنی کەمپەکە لە هێرشی داعش. بەڵام لە ڕۆژی ۱۹ ی مانگی ۱۰ پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لە نزیک کەمپەکە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل.

پەکەکە دەڵێت هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەرکەکانیان بۆ تێکشکاندنی داعش تەواو بووە. بەڵام پیشتر بەرپرسانی ناوچەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا هەنگاوەکەی پەکەکەیان بۆ فشاری هێرشەکانی تورکیا گەڕاندۆتەوە.

دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور، شەڕو پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا، کاتێک سوپا خاڵە سەربازییە جێهێڵراوەکانی پەکەکەی کۆنترۆڵ کرد.

پێشمەرگە ناڕازیبوو لە کۆنترۆڵکردنی ئەو خاڵە سەربازییانە بە پاساوی ئەوەی خاڵەکان تەنها ۶۰۰ مەتر لە سەنگەرەکانییەوە نزیکن، لەکاتێکدا کیلۆمەترو نیوێک لە سنوری سوپاوە دوورن. بۆیە حکومەتی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا و دوێنێ چوار شەمە پێشمەرگە و سوپا لەسەر ئەو خاڵانە گەشتنە ڕێککەوتن.

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری مەخمورو گوێری پێشمەرگە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە، کە لەگەڵ سوپای عێراق گەیشتینە "ڕێککەوتنێکی گونجاو" " جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرا."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە سیروان بارزانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

دەنگی ئەمەریکا هەروەها پەیوەندی کرد بە لیوا عوسمان محەمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات.

News Code 222416

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha