موقتەدا سه‌در داوا دەکات باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا لە بەغدا دابخرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ هه‌ینی داوای داخستنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكای له‌ عێراق كرد و هۆكاره‌كه‌ی بۆ پشتیوانی بێسنوری ئه‌مریكا له‌ ئیسرائیل دژی غه‌ززه‌ گه‌ڕانده‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موقته‌دا سه‌در له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ پلاتفۆڕمی ئێكس نووسیویه‌تی،:"له‌ ڕوانگه‌ی پاڵپشتی كردنی سته‌ملێكراوانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای زه‌وی، به‌تایبه‌ت بۆ پشتیوانی له‌ برایان و گه‌له‌كه‌مان له‌ فه‌لەستینی خۆشه‌ویست و غه‌ززه‌، داوا ده‌كه‌م حكوومه‌تی عێراق و په‌رله‌مانی عێراق به‌ هه‌موو هێز و ئاراسته‌كانیانه‌وه‌، و بۆ یه‌كه‌مینجار و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ک تایبه‌ت، ده‌نگ بده‌ن به‌ داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق، به‌هۆی پشتیوانی بێسنووری ئه‌مریكا له‌ زایۆنیسته‌ تیرۆریسته‌كان له‌ دژی غه‌ززه‌، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی پابه‌ندبوونه‌ به‌ پاراستنی كارمه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كانیان و رێگری كردنیش له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ریان له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ئاسایش و سه‌لامه‌تی عێراق تێكبده‌ن".
سەدر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "چاوه‌ڕوانی وه‌ڵام و كرده‌وه‌ و وه‌ڵامی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م داواكارییه‌ (داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا)، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت و په‌رله‌مان وه‌ڵام نه‌ده‌نه‌وه‌، هه‌ڵوێستێكی دیكه‌مان هه‌یه‌ كه‌ دواتر ڕایده‌گه‌یه‌نین".
موقته‌دا سه‌در داوای له‌ هه‌موولایه‌ک كرد پابه‌ندبن و بو تاكه‌كه‌سی مامه‌ڵه‌ نه‌كه‌ن و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک خۆیان له‌ به‌كارهێنانی چه‌ک به‌دوور بگرن، به‌و هیوایه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ جیهاد و میحوه‌ره‌كه‌ی به‌رخۆدانیان خۆشده‌وێت، به‌ بیانووی ناڕه‌حه‌تی ئابووری به‌هۆی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكاوه‌ ناڕه‌زایه‌تیان به‌رامبه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ نه‌بن.
ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در باسی له‌وه‌ش كردوه‌، "بێده‌نگی ته‌واو ده‌بێته‌ هۆی ئاسایی بوونه‌وه‌ی نائاسایی و هه‌ژاری، خوای گه‌وره‌ رێگری لێ بكات".

 

News Code 222387

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha