کوردپرێس:
ماڵپەڕی سپی میدیا بڵاوی کردەوە ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەردانی نێچیرڤان بارزانیان جێگری سەرۆکی پارتیان لە هەولێر کردووە.
لەو کۆبوونەوەکەدا کە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجامدراوە، هەردوولا بیروڕایان لەسەر کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان و دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتی داوای دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ کردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسی گفتوگۆی لەسەر دەکەن و وەڵامی یەکێتی دەدەنەوە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانە، کۆبوونەوەکە بۆ هەردوولا پۆزەتیڤ بووە و لە کەشێکی ئاساییدا بەڕێوەچووە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی بەسەردانێک بگاتە ئەمریکا.
Your Comment