ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لە تاران لەبارەی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق گوتی: "لە سەردانی ئەم دواییەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ ئێران، باسی دوایین دۆخی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق کرا و لایەنی عێراقی راپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوە نراوەکانی خۆیەوە پێشکەشی لایەنی ئێرانی کرد. لەوبارەیەوە بیرورا ئاڵوگۆڕ کران و هاوکارییەکی باش لە نێوان دامودەزگە پەیوەندیدارەکان هەیە."
بە گوتەی ناسر کەنعانی، هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هاوکارییەکی باشی کردووە و هەنگاوی باشی ناوە و گوتی: "هاوکاریی بەرپرسانی هەرێم لەبارەی رێککەوتنەکەوە باش بووە و بە تایبەت لەبارەی جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی عێراق لە سنوورە هاوبەشەکان و هەڵگرتنی بنکە و باڕەگای گرووپە جوداخوازەکان کۆمەڵێک هەنگاوی باشیان ناوە، کۆمیتەیەکی هاوبەش دامەزرا."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها راشیگەیاند: "هیوادارین بەو تێگەیشتنە دروستەی کە بەرپرسانی عێراقی لە چاوەڕوانییە رەواکانی ئێران هەیانە و بەو هاوکارییە باشەی کە لەگەڵ لایەنی عێراقی و بەرپرسانی هەرێم هەمانە، جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە ببینین".
Your Comment