بەرپرسانی کورد مووچەکانیان لە بەغدا وەردەگرن/ ئایا کارمەندانی هەرێمیش دەتوانن ڕاستەوخۆ مووچەیان لە بەغداوە بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- زۆربەی بەرپرسانی کورد لە رێگەی هەژماری بانکیەوە مووچە لە بەغداد وەردەگرن، ۴۴ وەزیر و ۴ سەرۆک کۆمار و ۴۳۰ پەرلەمانتار و ۴ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و دەیان بەرێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و سوپاسالار و فەرماندە، مووچەی حازری و بەشی هەرە زۆریشیان خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، بەشێکی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێم دەیانەوێت هاوشێوەی بەرپرسانی کورد، مووچەکانیان لە بەغداد وەربگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای درەو بڵاوی کردەوە چەند رۆژێکە کەمپەین و واژۆ کۆکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەوڵی پەرلەمانتاران لە ئارادایە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ واژیان کۆ کردووەتەوە و پێشکەشیان کردووە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕراستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە بێ.

هەر ببەپێی بەدواداچوونەکانی درەو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوە کە لە هەمواری یاسای بودجەدا ئەو پرسە جێگە بکاتەوە، بەشێک لە مووچەخۆران بایکۆتی دەوامیان کردووەو دەڵێن: بۆچی بەشی زۆری بەرپرسان مووچە لەبەغداد وەردەگرن ئاساییەو بۆچی بۆ ئێمە ئاسایی نیە، فەرمانبەرانی بەشێک لە دامەزراوە فیدراڵیەکان لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە مووچە وەردەگرن وەک فەرمانبەرانی نشینگە، پاسپۆرت، کۆمسیۆن، بەداوەکان، زیندانییەکان، کۆڵێجی سەربازی قەڵاچوالان و زاخۆ،  پاسەوانی سنوور ....

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند: ئەوانەی داوایانکردووە راستەوخۆ حکومەتی بەغداد مووچەی مووچەخۆران بدات کە ئەمە پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێم‌و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە، مووچە لە بابەتەکانی تریش جیابکرێتەوە هەر دەبێت لەرێگەی حکومەتی هەرێمەوە دابەشبکرێت.

لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ و روخانی رژێمی بەعسەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری کورد پۆستی باڵایان هەبووە لە عێراق و مووچەیان لە بەغداد وەرگرتووە و ئێستاش خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، لەم راپۆرتەدا ی پۆستەکانی کورد لە بەغداد دەخەینە روو.

  کورد لە ۲۰ ساڵی ڕابردوودا بە ۴۴ وەزیر بەشداری لە ۸ کابیەی حکومەتی عێراقیدا کردووە.

 ۱۸ ساڵە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لای کوردە.

 ۴ جار جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لای کورد بووە

 ۱۸ ساڵە جێگری سەرۆکی پەرلەمان لای کوردە.

 یەک جار پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لای کورد بووە

 لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ەوە کورد ۴۳۰ ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەکە لای پێکهاتەی کورد بووە.

 سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر لە سەد  بریکاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆکی دەستە، دراون بە ‌کورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە ۳۰ پۆستی سوپا سالار و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق لە پشکی کورد بوون.

 

یەکەم؛ کورد لە ئەنجومەنی حوکمدا

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ۹ی نیسانی ۲۰۰۳ سەرکردایەتی کورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوکم دروستکرا لە ۱۲ی تەمووزی ۲۰۰۳ بۆ ۱ی حوزەیرانی ۲۰۰۴ کە لە ۲۵ ئەندام پێکهاتبوو، لەناویاندا ۵ ئەندامی کورد بوون ئەوانیش: مە‌سعود بارزانی - سە‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جە‌لال تاڵە‌بانی - سکرتێری گشتی یە‌کێتی نیشتمانیی کوردستان، سە‌لاحە‌دین بەهادین - ئەمینداری یە‌کگرتوی ئیسلامی، د مە‌حمود عوسمان - سە‌ربە‌خۆ و دارا نورە‌دین - سە‌ربە‌خۆ.

لە ئەنجومەنی حوکمدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەکێکیان دەبووە سەرۆک کە ۱۲ یان بۆ سەرۆکایەتی دیاریکران، لەناویاندا مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کوردی تێدابوو.

هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوکمدا کوردا بە ۵ وەزیر بەشداری لە وەزارەتەکانی ئەنجومەنی حوکمدا کرد ئەوانیش؛ هۆشیار زێباری - وە‌زیری کاروباری دە‌رە‌وە‌، نە‌سرین بە‌رواری - وە‌زیری شارە‌وانییە‌کان، د. لەتیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌کانی ئاو، محە‌مە‌د تۆفیق رە‌حیم - وە‌زیری پیشە‌سازی و عە‌بدوڕە‌حمان سدیق کە‌ریم - وە‌زیری ژینگە.

 لە سەردەمی ئەنجومەنی حوکمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێکی باڵای کورد کاتێک گفتوگۆکرا بۆ داواکاری کورد، بەرپرسانی کورد نەیاندەزانی لەکوێوە دەست پێبکەن، هیچ نوسین و دۆکییۆمێنتێکی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازاری ۱۹۷۰، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری کاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێکەوتنی ۱۱ی ئازاری ۱۹۷۰ بوو، بۆ نمونە:

-    کورد زمانی کوردی کرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەکی ریککەوتنی ۱۱ی ئازاردا هاتووە "زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا ۲۰۰۵ هاتووە.

-    لە مادەی ۲ی رێککەوتنی ۱۱ی ئازاردا نوسراوە "کوردەکان بەشداری تەواوی حوکم دەکەن بە سوپاشەوە".

-    لە مادەی ۶ی رێککەوتنی ۱۱ی ئازاردا هاتووە بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان تەرخان دەکرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی ۱۷% دیاریکرا.

-     لە مادەی ۸ی بەیانی ۱۱ی ئازاردا هاتووە "کوردەکان و عەرەبەکان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی ۵۸ی دەستوری کاتی و لە ماددەی ۱۴۰ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییکردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت.

واتا ئەوەی لە دەستوری کاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستکاریەکی کەمەوە لە رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازارەوە وەرگیراوە.

News Code 222294

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha