مافی گەلی فەلەستینە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت/ هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە گەلی فەلەستین مافی ئەوایان هەیە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و لەبارەی داواکارییەکانی ئێران بۆ دوورخستنەوەی گرووپە نەیارەکان لەسەر سنوورەکان وتی هەرێمی کوردستان هەرگیز نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی باردۆخی فەلەستین ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو گەلێک و وەکوو عێراقیش کەس بەقەد خەڵکی ئێمە نازانێ بەدبەختی و ناخۆشی شەڕ واتای چییە. ئەوە هەموومان دەزانین. بەردەوام گوتومانە و ئێستاش دەیڵێن، ئەم شەڕەش جەختکردنەوەیە لەوەی کە ئەو کێشەیە بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و دەبێت بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە: مافی گەلی فەلەستینە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت؛ ئەوە مافێکی تەواوە. ئەگەر سەیری ناوچەکە بکەین ئەوە دەبینین فەلەستینییەکان مافێکی ئاسایی خۆیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و بە ئاشتی بژین.

ناوبراو درێژیە دا ئەوەی ئێستا کراوە کە گەمارۆ لەسەر غەزە دانراوە ئێمە هەموومان پێمان ناخۆشە، چوونکە دەزانین بڕینی ئاو و کارەبا و خواردن مانای چییە؛ لە شوێنێک کە درێژییەکەی ۴۰ کیلۆمەترە و پانییەکەی ۱۰ کیلۆمەترە و ۲ ملیۆن و ۳۰۰ هەزار کەسی تێدا دەژین، ئەوە ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەبات. ئێمە هیوادارین بەزووترین کات ئەم شەڕە نەمێنێت و بەرۆکی عێراق و هیچ شوێنێکیش نەگرێت.

لە درێژەی وتەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران دەڵێت: "بەغدا لەگەڵ تاران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کردووە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێک لە عێراق پابەندی جێبەجێ‌کردنی ئەو رێککەوتنەین".

بارزانی وتیشی: ئێمە پابەندین و ئەوەی تاوەکوو ئێستاش کردوومانە، بەپێی ئەو رێککەوتنە بووە. ئێمە پێداگری لەسەر ئەو پرەنسیپە دەکەین، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵی هەیە و دەمانەوێ ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. هەنگاوی باشمان بەرەو پێش ناوە. ئەوەی من ئاگاداربم، تا ڕادەیەکی زۆریش کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزارە بەم هەنگاوانە".

News Code 222291

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha