پێویسته‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ک كیانێكی فیدڕال پارێزراو بن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  له‌ ۴۲مین ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دینی هه‌ولێر وتارێكی پێشكه‌ش كرد، یه‌كێک له‌ بابه‌ته‌كانی وته‌كانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پێوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ بەغدا بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بە هاووڵاتییانی خۆشەویستمان رادەگەیەنم كە هەوڵمان  داوە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ بابەتی مووچە تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان نەكرێ و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان وەک سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق لە كاتی خۆیاندا مووچە وەربگرن، ئەوە پێشنیاری من بووە و له‌ دوا سه‌ردانیشم بۆ به‌غدا گوتمان كە چیتر نامانەوێ مووچە بابەتی سەرەكیی هەواڵەكان بێت.

ڕاشیگه‌یاند: مافێكی ڕه‌وا و سه‌ره‌كی هه‌ر مووچه‌خۆرێكه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی هه‌ر مانگێک مووچه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ده‌بینین ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌ ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌بردرێت، هه‌رێمی كوردستان كیانێكی ده‌ستووری ناو عێراقه‌ و ئه‌گه‌ریش مووچه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی تر جیا ده‌كرێته‌وه‌، دیسان ده‌بێت هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌ش بكرێت، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌س داوایان كردووه‌ كه‌ به‌ میكانزمێكی ناده‌ستووری مووچه‌خۆران ڕاستوخۆ به‌ به‌غداوه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌.

مه‌سروور بارزانی گوتیشی: پێویسته‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ک كیانێكی فیدڕال پارێزراو بن و نابێت چه‌مكی فیدڕالییه‌ت له‌ عێراقدا لاواز بكرێت، پێش ماوه‌یه‌ک كه‌ من چووم بۆ به‌غدا زۆربه‌ی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵم بوون، هه‌روه‌ها فڕاكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقیش پشتیوانمان بوون، ئێمه‌ توانیمان كاریگه‌رییه‌كی باش له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌تی فیدڕالی دروست بكه‌ین و بگه‌ینه‌ هه‌ندێ تێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌.

گوتیشی: له‌م چه‌ند رۆژه‌ی ڕابردوو بینیمان هه‌ندێ كه‌س هه‌وڵیانداوه‌ و نامه‌یه‌كیان نووسیوه‌ و پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنه‌ی كه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و عێراق هه‌بووه‌، داوایان كردووه‌ به‌غدا راسته‌وخۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی بدات كه‌ ئه‌مه‌ پێشێل كردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم و لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌روه‌ها گوتی: من لێره‌وه‌ داوا له‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌م كه‌ چیتر هه‌وڵی ئاسانكاری و ڕێخۆشكردن به‌ كه‌س نه‌ده‌ن مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان پێشێل بكه‌ن، چیتر ئاسانكاری نه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ریزه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان لێک بترازێن، ئێمه‌ هه‌وڵێكی زۆرمان داوه‌ یه‌كڕیزی خه‌ڵكی كوردستان بپارێزین، چوونكه‌ پێمانوایه‌ ته‌نیا به‌مشێوازه‌ ده‌توانین به‌رگری له‌ مافه‌كانی خۆمان بكه‌ین.

ئاماژه‌شی دا "ئێستاش ده‌مه‌وێ دووپاتی بكه‌مه‌وه‌ كه‌ بوونی هه‌موومان به‌وانه‌شی كه ‌به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ن و نامه‌ی جیاواز ده‌نێرن، بوونی ئه‌وانیش به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌نده‌، به‌هێزبوونی هه‌رێمی كوردستان گه‌ره‌نتی مانه‌وه‌ی هه‌موومانه‌، خوانه‌خواسته‌ هه‌ر هه‌وڵێک بۆ لاوازكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بدرێت، پێش هه‌موو كه‌سێک زیان به‌وان ده‌گه‌یه‌نێت، هیوادارم واز له‌و سیاسته‌ بهێنن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌ی گه‌ل و واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سكه‌كانی خۆیان بێنن و زیاتر بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌ل و خاک نیشتمانه‌كه‌مان بكه‌نه‌وه‌.

News Code 222258

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha