حکوومەتی فیدڕاڵی ناتوانێ ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی بەو مشتومڕانە دێنێت کە لەبارەی خەرج‌کردنی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەڕۆکی یادداشتێک بڵاو کرایەوە کە یووسف کیلابی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و هەریەک لە فراکسیۆنەکانی (یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ) واژۆیان لەسەر کردبوو و تێیدا داوایان کردبوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە سەر حکوومەتی فیدراڵی.

لە بەرامبەردا مەسعوود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە: "بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی فیدراڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچە، یان ھەر خەرجییەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات. ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێ لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی ھەردوو لاوە بێت کە حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵییە.''

ناوبراو جەختیشی کردەوە: ''بەگوێرەی یاسای بودجەى گشتیی ۲۰۲۳، دەبێ حکوومەتی فیدراڵی مانگانە ۷۷۵ ملیار دینار وەک مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە.''

ئەوەشی دووپات کردەوە کە "ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵی ناتوانێت جێبەجێی بکات، چوونکە پێچەوانەی ماددەی ۱۱۷ و۱۲۱ى دەستوورە.''

News Code 222252

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha