حکوومەتی هەرێم زیاتر لە ۵۰ ترلیۆن قەرزدارە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۵۰ ترلیۆن دینار قەرزدارە، کە دەکاتە بودجەی زیاتر لە ۳ ساڵی پشکی حکوومەتی هەرێم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "بە پێی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی، هەرێم زیاد لە پشکی خۆی ۵ ترلیۆن و ۲۰۰ ملیاری وەرگرتووە."

ئەحمەد حاجی ڕەشید دەشڵێت: "دوای سەردانی وەفدی هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، سوودانی موافەقەتی کردووە بۆ ماوەی سێ مانگ ۲ ترلیۆن و ۱۰۰ملیارمان بدەنێ، لە ڕێگەی بانکەکانی TBI، ڕافیدەین و ڕەشید، هەرچی بانکی TBIیە ۲ ترلیۆن و نیوی لای حکوومەتە، پێنج ۴۰۰ ملیاریشمان پێشتر بە قەرز وەرگرتووە، کە دەکاتە دوو ترلیۆن دینار."

ناوبراو دەشڵێت: "پێشتریش سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ۲۰۲۱ رایگەیاندبوو، هەرێم ۳۱ ملیار دۆلار قەرزدارە. بە پێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکوومەت ۲ ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا ۲۹ ملیار دۆلارەکەی تر ماوە کە دەکاتە نزیکەی (۴۳.۵۰۰ ترلیۆن و پێنج سەد ملیار) دینار بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بەرامبەر بە دینار، کە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە ۵ ترلیۆن دینار."

لە یاسای بوودجەی عێراق، پشکی کورد بە ڕێژەی لە سەدا ۱۲.۶۷% دیاری کراوە، کە دەکاتە ۱۶ ترلیۆن و ۴۹۸ ترلیۆن دینار لە ساڵێکدا.

بەپێی لێدوانی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو ۲ ترلیۆن و ۱۰۰ ملیارەی (کە دەکاتە سێ کەرەت ۷۰۰ ملیارە)ی کە حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە وەک قەرز بیداتە حکوومەتی هەرێم، لە ڕێگەی هەریەکە لە بانکەکانی ,TBI) ڕافیدەین و ڕەشید) سوودی دەچێتە سەر، پێشتریش ئەو بانکەکانە بە سوودی لە ۴% قەرزیان بە حکوومەتی عێراق داوە.

ئەو پارانەی کە حکوومەتی هەرێم قەرزدارە، پێکهاتووە لە پشکی کۆمپانیاکان، پارەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران، و ئەو بڕە پارەیەی کە حکوومەتی هەرێم لە ناوەندی وەرگرتووە وەکوو قەرز.

سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتیش لە وەزارەتی دارایی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، سەرەڕای ئەوەی نەیشاردەوە حکوومەت قەرزدارە، گوتیشی ،"ئەنجامی کۆبوونەوەکان بە دڵی ئێمە نەبوون وەک وەفدی هەرێم."

سەرچاوەکە ڕایگەیاند،"ڕاستە حکوومەت قەرزار بووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمساڵ هەرچۆن بێت موازەنە تێپەڕێت، خەرجی فعلی لە یاسای بودجە زۆر بە زەرەری ئێمەیە، دەمانەوێت مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی فعلی جیا بکەینەوە، دەچینەوە دانوستانێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا."

دەشڵێت،"دەمانەوێت، کێشەکان بە سیاسی حل بکەین چونک کێشەکان سیاسین. لە ساڵی تازەدا گفتوگۆ دەستپێدەکەین، چونکە لەیاسای بودجەدا، بۆمبی زۆر بۆ کورد دانراوە."

دوای سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە ۷۰۰ ملیار قەرز بداتە حکوومەتی هەرێم و هەرێمیش دەڵێت ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان کردووە.

هەرچەندە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە کە پێکهاتووە لە مووچەی مانگەکانی ۷ و ۸، بەڵام ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وەزارەتی دارایی ڕاسپارد لەگەڵ گەشتنی پارەکەی عێراق، ڕاستەوخۆ بێ دواکەوتن دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز بکرێت، داواشی لە عێراق کرد کێشەی مووچە بە شیوەیەکی بنەڕەتی و دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت.

باڵام سەرچاوە باڵاکەی حکوومەتی هەرێم لە وەزارەتی دارایی، ڕایدەگەیەنێت، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ۷ و ۸ دیار نییە، بەڵام مانگەکانی تر دابەش دەکرێت، ئەگەر حکوومەتی عێراق بڕی ۷۰۰ ملیارەکە بنێرێت.

سەرچاوەکە رایگەیاند: "هێشتا نەتیجەی پارەی ۷ و ۸ دیار نییە، بەڵام مووچەی مانگەکانی تر ئەدەین، هەرچەندە حکوومەت هەموو هەوڵێک ئەدات مانگەکانی ۷ و ۸یش دابین بکات."

وتیشی،" ئەنجامی کۆبوونەوەکان جێگەی تموحی وەفدی کورد نەبووە، لە دانوستانەکان وەعدی زۆریان داوە، بەڵام نەتیجەکە بە دڵی ئێمە نەبوە، ئێمە داوای پارەی شەش مانگمان کرد، بەڵام ئەوان پارەی سێ مانگیان داواکردووە بە ۷۰۰ ملیار دینار."

هەرچەندە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، دۆخەکەی بە مەترسی لەسەر حکوومەتی هەرێم ناو برد، بەڵام ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی عێراق داوای قەرزەکانیشی بکاتەوە، پێدەچێت بەشێوەی قیست و مانگانە بێت، نەک هەموو بەشە پشکی هەرێم ببڕێت.

ڕایگەیاند،"ئەگەر محاسەبەی هەرێم بکەن لەسەر ئەوەی قەرزی وەرگرتووە، دەبێت پاکتاو بکرێت، پێدەچێت بە قیست وەری بگرنەوە".

News Code 222194

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha