بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "ئێران لەلایەن عێراقەوە ئاگادارکراوەتەوە، ئەگەر ئەو ۲۲ سەرکردە کوردەی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕادەست نەکرێت، خۆی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرش دەکاتە سەریان."
بە گوتەی سەرچاوەکان بەشێک لە ناوەکان بریتین لە: "مستەفا هیجری، ڕەزا کەعبی، عومەر ئیلخانیزادە، نەوید میهراوەر، کاوە بەهرامی، محەمەد ساحیبی، محەمەد نەزیف قادری، مستەفا مەولوودی، حسێن یەزدانپەنا، ئەمجەد پەناهی، کاکو عەلیار، عەبدوڵا ئازەربار و چەند کەسێکی تر."
ئەمڕۆ سێشەمە ۱۹ ی مانگی نۆ، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران دیارییکردبوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، تا حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لە چەک دابماڵن.
سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، وتی،"هێزەکانی ئاسایشی هەرێم لە بارەگاکانی حزبە نەیارەکانی ئێران لە زڕگوێز و کۆیە جێگیرکراون، هیچ چەکدارێک لە ناو بارەگاکاندا نەماون."
سەرچاوەکە وتیشی: "بەشێک لە ئۆردوگاکان ژن و منداڵیان تێدایە و هەندێکی تریشیان ئۆردوگاکانیان جێهێشتووە، هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە ئۆردوگای حزبە کوردییەکان نەماوە."
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکیش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمریکا، چیتر ڕێگە بە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نادەن، هاوشێوەی جاران چەکداربن، چوونکە هەرێم لە ژێر فشاری گەورەدایە.
Your Comment