بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی ۶۲ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، کە لە شەقڵاوە بەڕێوەچوو، سەبارەت بەو کێشانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکانی عێراق هاتوونەتە ئاراوە رایگەیاند: کێشەی ئێمە لە عێراق لەگەڵ ناو [سەرۆکوەزیرەکان] نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ عەقڵییەتەکەدا هەیە.
فازڵ میرانی پێیوایە، ئێستا بەغدا بەهێزبوونی خۆی لە لاوازبوونی هەرێمی کوردستاندا دەبینێت و گوتی، "عێراق کاتێک خۆی بەهێز دەبینێت کە کورد بەهۆی پەرتەوازەبوونی لاواز دەبێت و [ئەوان] هەوڵ دەدەن لەگەڵ هەریەکە لە ئێمە بە زمانێک قسە بکەن."
بۆ دەربازبوون لە گرفتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان و کورد، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی پێشنیاز دەکات، "هاوڕیزییەکی باش لەنێوان حیزبەکاندا هەبێت، بۆ ئەوەی بەرەو کوردستانێکی ئارام، ئازاد و بەختەوەر بچین."
Your Comment