بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیتوڵڵا گونەری، ناسراو بە بەیتۆجان لە ساڵی ۱۹۵۵ لە قەزای فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لەدایکبووە و لە تەمەنی ۸ ساڵییەوە خێزانەکەیان چوونەتە شاری ئامەد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
بەیتۆجان لەدوای کوودەتای سەربازیی ۱۲ـی ئەیلوولی ساڵی ۱۹۸۰ لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێت و سزای ۱۵ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام دوای شەش ساڵ و نیو لە زیندانیکردنی، ئازاد دەکرێت. دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ئامەدەوە بەرەو ئەستەنبوڵ کۆچ دەکات.
بەیتۆجان بە گۆرانییەکانی "ئاگر کەتیە دلێ من" و "دیاربەکر مالا من" ناوبانگی پەیداکرد، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە بە ناوەکانی؛ "یان مرن، یان دیاربەکر"، "تە نادەن من"، "۲۱ـی ئادار" و "ئەتونا دلێ من".
هونەرمەند بەیتۆجان یەکەم ئەلبوومی بەناوی: "یان مرن یان دیاربەکر" لە ساڵی ۱۹۹۰ بڵاوکردەوە و ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بەرەو ئەوروپا کۆچیکرد و لە سوێد نیشتەجێبوو، دوای ۲۳ ساڵ و لە ساڵی ۲۰۱۴ سەردانی ئامەدی کردەوە و کۆنسێرتێکی لە زێدی خۆی سازکرد.
دوای چوار ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بەیتۆجان لە شاری ستۆکهۆڵم و دوور لە زێدی خۆی کۆچی دواییکرد.
Your Comment