تەقینەوەکەی شەقامی شەست مەتریی هەولێر تیرۆریستی بووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، تەقینەوەکەی شەقامی شەست مەتری تیرۆریستی بووە و لە ڕێگەی بۆمبێکی دەستکردی دانراو بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:

لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۱ی ئەیلوولی ۲۰۲۳، لە شەقامی ۶۰مەتریی شاری هەولێر لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی تەقینەوەیەک ڕوویدا و جگە لە زیانی ماددی، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

دوابەدوای ڕووداوەکە لە لایەن تیمی پسپۆڕی تایبەتمەندی دامەزراوەکانمان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەست بە پشکنین و لێکۆڵینەوەی ورد کرا، لە ئەنجامدا دەرکەوت، تەقینەوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستیی بووە و لە ڕێگەی بۆمبێکی دەستکردی دانراو بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام لە ماددەی (پی ئی تی ئێن PETN) بووە. دوای لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی دروست دەرکەوت، کردەوەک لە لایەن کەسێکەوە ئەنجام دراوە بەناوی (زیاد جەلیل خەڵەف) کە ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی ئەو کردەوەیە هاتووەتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە ناحیەی تەکیە.

بەپێی فەرمانی دادگا، تۆمەتبار (زیاد جەلیل خەڵەف) بە ماددەی دووەم بڕگەی سێ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بۆ ئەم مەبەستەش بەپێی تایبەتمەندیی شوێنی ڕووداوەکە فەرمانی دادوەر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگای سلێمانی کراوە بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تۆمەتبار بە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر تا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

رۆژی هەینی (۱ـی ئەیلوولی ۲۰۲۳) لە راگەیەندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەو رۆژە بۆمبێک لەسەر پردێکی پەڕینەوەی پیادەڕۆی شەقامی ۶۰ مەتری شاری هەولێر تەقییەوە و هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی رۆژی هەینی ۱ی ئەیلوولی ۲۰۲۳ کاتژمێر ۱۸:۲۹، لە شەقامی شەست مەتریی شاری هەولێر بۆمبێک لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی تەقییەوە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە".

News Code 222121

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha