بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا حەسەن گەرمیانى، جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندووە، "یەک بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەیە، ئەویش لەنێو لیستى هاوپەیمانیى جەماوەرییە، کە لیستێکى عەرەبییە."
بەربژێرى یەکێتى بۆ ئەو هەڵبژاردنە ناوى یاسین محەممەد عەلی-یە و لە ریزبەندیى ۲۵ى لیستى هاوپەیمانیى جەماوەریدایە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین.
مەلا حەسەن گەرمیانى گوتىشی: "بەهۆى کەمیى ژمارەى دەنگدەرانى کورد پەنامان بۆ ئەوە بردووە کە بەربژێرەکانمان لە لیستێکى عەرەبیدا بن بۆ بەدەستهێنانى دەنگ."
ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین ۱۹ کورسییە، چواریان بۆ کۆتای ژنانە. زۆرینەى دەنگدەرانى کورد لە سنوورى قەزاى خورماتوون کە ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان بەغدا و هەولێردا.
پارتیش هاوشێوەی یەکێتی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین یەک بەربژێری لەنێو لیستێکی عەرەبیدا هەیە.
بەختیار هیجران، بەرپرسی لیژنەى ناوچەى پارتى لە خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە یەک بەربژێرى ژن بەشداریى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین دەکەن، ئەویش لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتیى حەسم، کە ژمارەیەک پارتى عەرەبی سوننەى پێکیانهێناوە.
بەختیار هیجران ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراقدا لە ساڵى ۲۰۲۱، دوو هەزار دەنگمان بەدەستهێناوە، بۆیە ئەو ژمارەیە وەکو لیستى سەربەخۆ بەشی کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا ناکات، لەبەر ئەوە چووینەتە نێو لیستێکى دیکەوە."
بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین ناوى تارا محەممەدە، لە ریزبەندیى ژمارە ۱۲ى لیستى هاوپەیمانیى حەسمى عەرەبیدایە.
بڕیارە لە ۱۸ى کانوونى یەکەمى ۲۰۲۳دا هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە ۱۴ پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
Your Comment