بەپێی هەواڵی کوردرێس، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە دیدارەکەدا لەگەڵ هاکان فیدان جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری کردن بۆ هاتووچۆ و گەشتیارانی هەردوولا کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و کێشەیەکی تایبەت بەم بابەتە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەموولایەک گەیاندووە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پڕۆژەی ناسراو بە (ڕێگەی پەرەپێدان) و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و جیهان لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە کە پێویستە ئەنجامدانی پڕۆژەکە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیکردن بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەک بێت کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتی و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بێت.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
پاشان سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، جەختیان لە برەوان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگی لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.
Your Comment