کورد بە سێ لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووكی یەکێتی دەڵێت: تائێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، سێ لیست هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ''ئێمە وەکوو یەکێتی بایکۆتی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسیمان لە شاری کەرکووک نەکردووە و ئاساییە لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەین.''

 لە ماوەی رابردوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، سەردانی زۆربەی لایەنە کوردستانییەکانی کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا لەگەڵ حیزبی شیوعیی کوردستان لیستی هاوپەیمانێتییان تۆمار کردووە، رەوەند مەلا مەحموود گوتی: ''دیارە ئەو لایەنانەی کە وەڵامیان نەداوینەتەوە، پەیوەندی بە حیزبایەتیی خۆیانەوە هەیە، چونکە ئەم بابەتە بە زۆر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە قەناعەتی تەواوەوە هەیە.''

 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "تاوەکو کاژێر ۰۳:۰۰ــی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ناوی لیست و هاوپەیمانیی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆماردەکرێت و دوای ئەو وادەیە، تۆمارکردن رادەگیرێت".

 لە یەکى تەممووزی ۲۰۲۳ـەوە تۆمارکردنى هاوپەیمانیی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستیپێکرد و، رۆژی یەکشەممە، ۳۰ـی تەممووزی ۲۰۲۳ دوایین وادە بوو، کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بڕیاری دا ئەو وادەیە تاوەکو ۶ـی ئابی ۲۰۲۳ درێژ بکاتەوە.

 لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی ئەگەر پێکەوەش نەتوانن، لەگەڵ لایەنە کوردستانیەکانی دیکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هاوپەیمانی پێکبهێنن، بەڵام تائێستا هەوڵەکانیان ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکووكی یەکێتی گوتی: ''سێ لیستی کوردی لە کەرکووک هەیە، یەکێتی و شیوعی، پارتیش لیستێکی هەیە، بەڵام نازانم کامە لایەنیان لەگەڵە، هەروەها نەوەی نوێش بە نیازە لیستێک لە کەرکووک داببەزێنێت، تاوەکو ئێستا ئەم سێ لیستەم بە فەرمی بیستووە.''

رەوەند مەلا مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد: ''راستە لەگەڵ پارتی کۆمەڵێک کێشەمان هەبووە، بەڵام ئێمە ئامادەین لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەین، بایکۆتمان نەک لەسەر پارتی، بەڵکو لەسەر هیچ لایەنێکی دیکەش نییە، بەڵام ئەو لایەنانەی کۆمەڵێک تۆمەتیان خستە پاڵ یەکێتی، خۆیان ئاکامەکەی دەبینن، بەتایبەتی پارتی.''

هەندێک لە بەرپرسانی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک گەرمیانی پارتی رایانگەیاندووە، ئامادە نین لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بن، ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ رووداوەکانی ۱۶ـی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ کە یەکێتی بە ''خیانەتکار'' و هۆکاری رووداوەکە دەزانن.

بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت: "پارتی دژی یەکدەنگی و بە یەک لیست بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکانە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا." گوتیشی: ''من پێموایە ئەوان [پارتی] رێککەوتنێکی حکومییان هەیە و بۆچوونیان لەسەر کەرکووک وایە کە لەگەڵ پەرتەوازەبوونی کوردە، ئەمە بە ئاشکرا دیارە.''

رەوەند مەلا مەحموود جەختی لەوە کردەوە، ''ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کردبایە، پێگەی کورد زۆر بەهێزتر دەبوو و بە ئەگەری زۆرەوە زیاتر لە ۵۰٪ـی کورسییەکانمان بەدەستدەهێنا.''

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی ۲۰۱۳ کراوە، بەڵام لە پارێزگای کەرکووک لە دوای ۲۰۰۵ـەوە ئەم هەڵبژاردنە نەکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە ۱۸ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بە کەرکووکیشەوە.

 

News Code 221958

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha