بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە ڕووداوی راگەیاندووە: بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانی پێکدەهێنن.
بێستون حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەگەرێک بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵی دادگەری کراوەیە، ''یان بە شێوەی سەربەخۆ بەشدار دەبین، یان هاوپەیمانییەکی ئیسلامی دروست دەکەین، یان دەچینە نێو هاوپەیمانی دەنگە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان."
بڕیارە رۆژی ۱۸/۱۲/۲۰۲۳، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بێستون حەمەساڵح لەوبارەوە ئاماژەیدا، ''ئێمە ئامادەین لە کەرکوک بچینە نێو هاوپەیمانییەک کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تێدایە، بەڵام بەو مەرجەی کە هیچ یەک لە لایەنە سیاسییەکان وەکوو پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی ئەم هاوپەیمانییەدا نەبن."
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری ئەوەشی خستەڕو، پارتی ئامادە نییە بچێتە نێو هیچ هاوپەیمانییەکەوە کە یەکێتی تێدا بەشدارە، وتی: ''کۆمەڵیش بەشداری هیچ هاوپەیمانییەکی یەکێتی و پارتی دژ بە یەکدی ناکات."
بێستون حەمەساڵح جەختی لەوە کردەوە، لە کەرکووک، پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بەراورد بە کورد هەماهەنگییەکی زیاتریان بۆ هەڵبژاردن هەیە و لە ئەگەری رێککەوتنی ئەو دوو پێکهاتەیەش، دەنگیان لە کورد زیاتر دەبێت.
تائێستا لایەنە کوردستانییەکان هیچ هاوپەیمانییەکیان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمار نەکردوە، ئەوە لەکاتێکدایە تەنیا تەنیا دوو رۆژ تا دوایین وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانییەکان ماوە.
Your Comment