دۆخی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتی تایبەتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا

بەشی جیهان- وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەو باوڕەدایە ئێستاکەش هێزە حزبییەکان گرینگترین هەڵمەتە سەربازییەکانی هەرێمیان بەدەستەوەیە و ناکۆکییە سیاسییە قووڵەکانی نێوان دوو حزبی سەرەکیی هەرێم هۆکارە بۆ بەرەو پێشنەچوونی چاکسازییەکان لە پێکهاتەی هێزەکانی پێشمەرگەدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتییەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گواستنەوەی هێزەکانی هەردوو یەکەی ۷۰ و ۸۰ بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بەدی ناکرێت؛ باس لەوەشکراوە، پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەوەش بۆ نەبوونی بوودجە دەگەڕێتەوە.

  

لەبارەی چاکسازییەکانی نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، راپۆرتەکە دەڵێت، کلیلی سەرەکیی چاکسازییەکە گواستنەوەی یەکەی ۷۰ی سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەی ۸۰ی سەر پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام تاوەکوو ئێستا "روون نییە" ئەو دوو پارتە سیاسییە چۆن دەیانەوێت هێزەکانیان بگوازنەوە ژێر دەسەڵاتی "نا حیزبی" وەزارەتی پێشمەرگە.

 

راپۆرتەکە هۆکاری سەرەکیی نەگواستنەوەی یەکەکانی ۷۰ و  ۸۰ بۆ کێشە سیاسییەکانی نێوانیان و "متمانەنەکردن"ی یەکێتی و پارتی بە یەکدی دەگەڕێنێتەوە؛ کێشەکانیش بە "قووڵ و بەردەوام" ناودەبات.

 

بە گوێرەی راپۆرتەکە، گواستنەوەی سێ لیوای یەکەی ۷۰ بەهۆی نەبوونی کەرەستەی سەربازیی پێویست بۆیان لە نێو وەزارەتەکە دواخراوە. هاوپەیمانان دەڵێن، ئەو لیوایانە نیوەی ئەو کەرەستە سەربازییەیان لەبەردەستە کە پێویستیانە.

 

هێزی هاوپەیمانان ئەوەیان راگەیاندووە، هیچ کام لە یەکەکانی ۷۰ و ۸۰ زانیارییان لەبارەی گواستنەوەی کەرەستە سەربازی و پێشمەرگەکانیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە نەداوە بە هاوپەیمانان. هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەش نەیتوانیوە هیچ زانیارییەکی هاوشێوە بۆ هاوپەیمانان بخاتەڕوو.

 

راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، نزیکەی ۵۰ هەزار پێشمەرگە لە یەکەکانی ۷۰ و ۸۰دان و لە ژێر فەرمانی جیاوازدا لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی پێشمەرگە لە ۲۰ لیوادا تەنیا ناوی ۵۴ هەزار و ۳۸۴ پێشمەرگەی بە فەرمی تۆمارکردووە.

  

راپۆرتی پشکنەری گشتی دەڵێت، هەرچەندە راوێژکارانی هێزی هاوپەیمانان لە چەند ئاستێکی جیاوازدا راوێژ بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشچوونێکی لە توانای جەنگیدا بەدەستنەهێناوە؛ باسیش لەوە دەکات، تەنیا هێزەکانی کۆماندۆ کە لە نێو یەکەکانی ۷۰ و ۸۰ و هێزەکانی زێرەڤانیدان توانا جەنگییەکانی وەک چاودێریی چڕ، هێرشکردن و هەڵکوتانە سەریان هەیە.

 

بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا راوێژکاری و کەرەستەی سەربازیی بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەداوەتە یەکەکانی ۷۰ و ۸۰ و زێرەڤانی، چوونکە لایەنگری حیزبییان پێوە دیارە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نین.

 

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی ۷۰ و ۸۰ بە شێوەیەکی سنووردار پێکەوەکارکردنیان هەیە و زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ ناکەن و ناشیدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە، بەڵام هێزی دژە تیرۆر و زێرەڤانی چەند ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی هاوبەشی دژە داعشیان لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا کردووە.

  

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزی هاوپەیمانان بەردەوام هانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کاربکەن، لەوانەش هاندانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەو ناوچانەدا.

 

هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەی دروستکردنی لیواکانەوە کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە بەرەوپێشچوون نابینرێت. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە بوودجەی عێراق کە حوزەیرانی ئەمساڵ پەسەندکرا، خەرجیی بۆ دوو لیوا دابین کراوە.

 

بە گوێرەی راپۆرتەکە، هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەو ناوچانە ئەنجام داوە کە داعش جموجووڵی تێیاندا هەیە، ئەوەش بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دادەنرێت بە ئاراستەی هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی نێوانیان؛ باس لەوەشکراوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری تایبەت بەو ناوچانە لە نێوان ژمارەیەک لیوای هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و یەکەی ۷۰ هەبووە.

 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لیواکانی هێزی پێشمەرگە تەنیا دوای گوشاری هاوپەیمانان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارییان کردووە. چەندین جاریش هەبووە، راوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانان داوای بەشداریی پێشمەرگەیان لە ئۆپەراسیۆنەکان کردووە، بەڵام ڕەت کراوەتەوە.

News Code 221949

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha