بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ناو ناکۆکی دوو حاجیدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا باس لە فەرمان بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە لایەن دادگای سلێمانییەوە دەکات کە بۆتە هۆی ناکۆکیی نێوان دوو حاجییەکەی ئەم بزووتنەوەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەسەر سکاڵای حاجی کامیل، دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حاجی عیرفان دەرکرد، ئەم دوو پیاوە هەردووکیان خۆیان بە رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەناسێنن، دادگا ‌و فەرمانگەی حزبە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هێشتا ئەم ناکۆکییەی یەکلا نەکردوەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی فەرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر سکاڵایەکە کە کامیل حاجی عەلیی تۆماری کردووە، حاجی کامیل رۆژی ۱۱ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەکو رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناکۆکیی نێوان هەردوو حاجییەکە کەوتە قۆناغێکی نوێوە.

رۆژی ۵ی شوباتی ۲۰۲۲ کۆنگرەی ۱۲ی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم کۆنگرەیەدا تەنیا یەک کاندید هەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی کە ئەویش کامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەکو رابەر دانەنراو حاجی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەکوو رابەری بزوتنەوەکە مایەوە.

ئەم دۆخە ناکۆکییەکی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستکرد، کامیل حاجی عەلی و لایەنگرەکانی ئەنجامی کۆنگرەکەیان رەتکردەوە، هەردوو تەرەفی ناکۆک کێشەکانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمسیۆن هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەبارەی ئەوەی کام یەکێک لەو دوو تەرەفە دەبێت بە خاوەنی ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی، بەڵام ئێستا ئەم دوو تەرەفە دوو بزووتنەوەی ئیسلامییان دروستکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی درەو، بەر لە جیابونەوەی تەواوەتی، کۆبونەوەیەک لەنێوان هەردوو حاجییەکەدا بەڕێوەچووە، لەم کۆبونەوەیەدا حاجی کامیل تەئکیدی کردوەتەوە کە باڵەکەی ئەو جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن، ئیتر مشتومڕ دروستبووە، ئێستا حاجی کامیل بانگەشەی ئەوە دەکات لە کۆبونەوەکەدا حاجی عیرفان هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە‌و بۆ ئەمەش لە دادگا سکاڵای تۆمارکردووە.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌کان ده‌ڵێن، سکاڵا یاساییه‌که‌ نوێ نییه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی حاجی عیرفان نه‌چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، بۆیه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رچووه‌.

 

لەبارەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە

بزووتنەوەیەکی ئیسلامی کوردستان ساڵی ۱۹۸۷ لەلایەن مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا ۱۲ کۆنگرەی بەستووە. ئایاری ۲۰۰۱ عەلی باپیرو ژمارەیەک لەسەرکردەکانی تری ئەم بزووتنەوەیە جیابونەوە‌و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیان راگەیاند کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ کۆمەڵی داگەریی کوردستان.

دوای کشانەوەی دامودەزگاکانی حکوومەتی بەعس لە هەرێمی کوردستان، یەکەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان ساڵی ۱۹۹۳ لەنێوان بزووتنەوەی ئیسلامی‌ و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەکێتی ڕابەری گشتیی بزووتنەوە عوسمان  عەبدولعەزیزی دەستگیرکرد‌ و دواتر لەسەر داوای مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی ئازادی کرد‌ و بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێکردن، لەچوارچێوەی هەوڵێکی ئێرانییەکاندا دوای یەکەمین شەڕی ناوخۆیی، بزووتنەوەی ئیسلامی‌ و یەکێتی نیشتمانی کۆتاییان بە شەڕ هێنا و رێککەوتنیان کرد، لەوکاتەوە تاوەکوو ساڵی ۲۰۰۱ ناوچەی هەڵەبجە‌ و خورماڵ‌ و هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزووتنەوەی ئیسلامی ‌و لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردەسەر هەندێک گرووپ کە لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووبوونەوە، عەلی عەبدولعەزیز دووەم ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیرکرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزووتنەوە ناوچەی هەژمون ‌و هێزی چەکداری خۆی لەدەستدا ‌و کۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە.

رۆژی ۱۱ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حاجی کامیل لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان کۆنگرە رێکبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی "بەیعەت"، حاجی کامیلیان وەکو رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ناساند.

لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا کە ساڵی ۱۹۹۲ بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریکرد‌و ۴۹ هەزارو ۱۰۸ دەنگی بەدەست هێنا، کە رێژەی ۵%ی تێکڕای دەنگەکانی ئەو هەڵبژاردنەی پێکدەهێنا.

ساڵی ۲۰۰۹ لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستاندا ئەم بزووتنەوەیە ۲۷ هەزارو ۱۴۷ دەنگی بەدەستهێناو دوو کورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۱۰ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەکانی کەمیکرد‌و تەنیا ۷ هەزارو ۴۸۱ دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ کورسییەکی نەبردەوە.

ساڵی ۲۰۱۳ لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بزووتنەوەی ئیسلامی ۲۱ هەزارو ۸۳۴ دەنگی بەدەست‌هێنا ‌و یەک کورسی بردەوە.

بەپێی داتاکانی بەردەستی درەو، لە ساڵی ۱۹۹۲ بۆ ۲۰۱۳ دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لە ۴۹ هەزار دەنگەوە بۆ ۲۱ هەزار دەنگ کەمی کردووە، واتە نزیکەی ۵۰%ی دەنگەکانی خۆی لەدەست‌داوە.

لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە ئەیلولی ۲۰۱۸ بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی ئیسلامی بە لیستێکی هاوبەش لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بەشداری کرد‌و هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی سەرنەکەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی ئیسلامی بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد ‌و بەشداری نەکرد.

News Code 221920

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha