بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران پێشوازیی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کرد و لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە بارودۆخی گشتیی عێراق کرد، هەروەها جەختیان لە پاڵپشتی سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردەوە بۆ هەنگاوەکانی حکوومەت لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی بەرنامەکەی و ئەولەویەتەکانی هەمەلایەنەی بۆ هەموو عێراقییەکان.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگی تەوافوق بۆ تەواوکردنی پرسە سیاسییەکان کرایەوە، لەوانەش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک کە ئەزمونی دیموکراسی و سەقامگیری سیاسی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بەرز بکاتەوە.
هاوکات بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی پشتگیری بۆ کارنامەی حکوومەت دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "پابەندبوون بە رێککەوتنە سیاسییەکان و پاراستنی مافی هەموو لایەک لەچوارچێوەی یاسا و دەستور، زامنی پاراستنی سەقامگیری، ئارامی و سەرکەوتنی بەرنامەکانی حکوومەتە".
سەرۆکی یەکێتی داوایکرد: "چیتر کێشە سیاسییەکان نەبنە بەربەست بۆ جێبەجێ کردنی کارنامەی حکوومەت و خزمەتکردنی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵات"، لەو چوارچێوەیەشدا جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە و وتی: "ئەوە مافی مووچەخۆران و قووتی خەڵکی کوردستانە و پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسییەوە".
شایانی باسە بەیانیی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا و یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دا و بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام بدات.
هەریەکە لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و سەعدی پیرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یاوەری بافڵ تاڵەبانی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا.
Your Comment