بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگرى سەرۆکى پهرلهمانى عێراق لەبارەى دوو لیوا هاوبەشەکەى سوپای عێراق و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو دوو لیوایە لە بوودجە بەشیان بۆ دانراوە لەخشتەى وەزارەتى بەرگرى، هەرچەندە هەندێک لایەنى سیاسى ویستیان دەستکارى بکەن و دەیانوت دەبێت لەپشکى هەرێم بێت، بەڵام ئەوانە پێشتر لەمانگى ئۆکتۆبەرى 2022وە، هەموو ڕێکارەکانیان بۆسەر وەزارەتى بەرگرى عێراق تەواوبوو، تەنها چاوەڕێى پشکى دارایى بوون".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەشڵێت، "ئێستا ئەوەى ماوەتەوە وەزارەتى بەرگرى فەرمانیان بۆ دەربکات و بیانخاتە مەشقەوە یان دابەشى ئەو ناوچانەیان بکات کە بۆیان دانراوە".
وهکوو جێگرى سهرۆکى پهرلهمانى عێراق وتوویهتى، لەگەڵ وەزیرى بەرگرى لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکات بۆ ئهوهى فەرمانیان بۆ دەربکرێتو ئەوانو ئەو هەزارو 500 سەربازەى شنگال کە بەشێکن لەڕێنماییەکانى جێبەجێکردنى بوودجە، ماف و شایستەکانیان لە بودجەدا بیانگرێتەوە.
ناوبراو دهشڵێت: "ڕاستەوخۆ دواى کەوتنەکارى یاساى بوودجە، ئەم دوو لیوایە ڕاستەوخۆ دەستبەکارەکانیان دەکەن و ڕێکارەکانیان بۆ دەردەچێت".
پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە دوای چەند مانگێک لەگفتوگۆو کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە هات لە ساڵی 2019، بۆ ناوچەکانی جێناکۆک، چوونکە لەوکاتەدا سوپای عێراق و پێشمەرگە لەمانگى ئایار ژمارەیەک ژووری هەماهەنگی هاوبەشیان لە بەغدا، هەولێر، کەرکووک، دیالە و چەند ناوچەیەکی نەینەوا پێکهێنا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی و هەواڵگریی.
Your Comment