کەسوکاری دوو زیندانیی سیاسی کوردستانی تورکیا گەیشتنە هەولێر

بەشی تورکیا- کەسوکاری مەزڵووم داغ و عەبدولڕەحمان سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیان کرد لە شاری هەولێر و ڕایانگەیاند، لە زیندان مافی ئەو دوو زیندانییە پێشل دەکرێت و دۆخی تەندروستییان خراپە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەریەک لە شاهین ئەر و فاتمە ئەر دایک و باوکی عبدولڕەحمان ئەر لە شاری ئەدەنەی كوردستانی تورکیا و قودرەت داغ دایکی مەزڵوم داغ و حەمید داغ مامی مەزڵوم داغ  لە شاری ئامەد گەیشتنە هەولێر بۆ سۆراغی ڕەوشی داغ و ئەر، سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤیان كرد.

کەسوکاری ئەر و داغ لەگەڵ هەریەک لە تاڤگەر عومەر ڕەشید بەڕێوەبەری گشتی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مڕۆڤ و ئەرکان عیزەدین، ڕاوێژکار لە دەستەی مافی مرۆڤ کۆبوونەوە و داوایان‌کرد، لیژنەیەکە پێکبهێندرێت و سەردانی ئەر و داغ بكەن لە زیندان، بۆ ئەوەی لە ڕەوشی تەندروستییان دڵنیاببنەوە.

فاتمە ئەر و شاهین ئەر  دایکی عبدولڕەحمان ئەر ڕایانگەیاند، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە کوڕەکەی خۆیانیان نەبینیوە، ڕەوشی تەندورستی عبدولڕەحمان لە زیندان زۆر خراپە و هیچ داخوازییەکیان وەک زیندانی جێبەجێ ناکرێت و داوایان كرد، لە زیندان مافەکانیان پێشل نەکرێت، وەکوو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، داخوازییەکانیان جێبەجێ بکرێت.

قودرەت داغ دایکی مەزڵووم و حەمید داغ مامی مەزڵوم داغ وتیان: لە زیندان مافەکانیان پێشل دەکرێت و لەژێر ئەشکنجەی جەستەیی و دەروونیدان، ئەوان خراونە نێو چەکدارانی داعش، لە کاتێکدا داعش نین، بەڵکوو زیندانی سیاسین، بۆیە داواکارین لە زیندان مافەکانیان پێبدرێت وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بۆ ئەوەی مانگرتن بشکێن، چونکە تا دێت تەندورستیان خراپتر دەبێت.

کەسوکاری ئەر و داغ داواکارن، لیژنەیەک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پێکبهێندرێت، سەردانی چاکسازی گەوران بکات بۆ ئاگەداربوون لە ڕەوشی تەندورستی عبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ، لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخیان بێت، جگە لەوەش  داخوازیەکانیان جێبەجێ بکرێت بۆ کۆتایی‌هێنان بە مانگرتن.

News Code 221858

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha