پێشنیاری محەمەد حاجى مەحموود لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێشنیار دەکات کە لەبری پەنابردن بۆ بەغدا تاوەکوو کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکات بە هەمان میکانیزمى ساڵى ۱۹۹۲ هەڵبژاردنەکانى هەرێم ئەنجام بدرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حاجى مەحموود لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "پێم‌وایە پێویستە لەبری ئەوەی پەنا بۆ بەغدا ببرێت، سەرۆکی هەرێم ۹ دادوەر دابنێت وەکوو چۆن لە ساڵی ۱۹۹۲ ۹ دادوەر سەرپەرشتی هەڵبژاردنی کرد، ئەوە زۆر ئاسانە و سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی ئەوەی هەیە".

ناوبراو داواشی کرد هەموو کورد یەکلیستی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتایبەت لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان.

هەرچەندە لە ۶ی ۱۱ی ۲۰۲۲وە تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی‌هاتووە و لە ۱ی ۶ی ئەمساڵیشدا لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق، تەواوی پەرلەمانتاران خانەنشین کران، بەڵام تائێستا نەتوانراوە هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابنیرێت.

سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا که‌ ۱۰ی ئەم مانگە به‌ واژۆى سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان ئاڕاسته‌ى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق کراوه و دانه‌یه‌کیشى به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان دراوه‌‌، داواى کردووه کۆمسیۆن ئاماده‌یى نیشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان.

له‌ نووسراوه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌، به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێمیى ژماره‌ ۹۰ له‌ ۲۶ی ۳ی ۲۰۲۳ بڕیاردراوه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ڕۆژى ۱۸ی ۱۱ی ۲۰۲۳ به‌ڕێوه‌بچێت.

سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێمی کوردستان داوای کردووە کۆمیسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌یى نیشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنى هه‌ڵبژاردن له‌ به‌روارى دیاری‌کراودا، یانیش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى شاراوانییه‌کانى عێراق له‌ به‌روارى ۱۸ی ۱۲ی ۲۰۲۳.

News Code 221842

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha