بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێگەیشت، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا، پەیوەندیە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پەرۆشیی عێراق کردەوە بۆ بنیاتنانی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە بەشداربێت لە گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانی وڵاتانی برا و دۆست، هەروەها کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە سەرۆک کۆماری تورکیا نیازی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق دەربڕی و جەختیکردەوە، لەسەر ئامادەیی تورکیا و کۆمپانیا تورکییەکان بۆ کارکردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی گەشەپێدان، بەشداریکردن لەم دەرفەتە ئابوورییە بە شێوەیەک کە پاڵپشتی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی دۆست بێت، خزمەت بە هەموو گەلانی ناوچەکە بکات.
Your Comment