بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی کۆ بووەوە و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا "بارودۆخی هەرێمایەتی: پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆی لە سەرکرا و بە پێویست زانرا ڕێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێ و پاراستنی ئەمنیەتیان بە گرنگ دەزانرێ، نابێت لە هەرێمەوە هەڕەشە ئاراستەی ئەو وڵاتانە بکرێت و پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەبەرچاو بگیرێ و بپارێزرێت".
ئاماژە بەوەش کراوە، لەبارەی دۆخی عێراق و بابەتی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆ کراو بەتایبەتی ئەو پاشەکشێیەی بەرامبەر پێکهاتەکانی نێو هاوپەیمانیەتیەکە هەستپێدەکرێ، جێبەجێنەکردنی مادەکانی ئەو رێککەوتن و هاوپەیمانیەی کە حکومەتی لە سەر تەشکیلکراوە جێی نیگەرانی جدییە و لێکەوتەی ئەم شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەکە زیانی بۆ کۆی حوکمرانی عێراق دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم پاشەکشێیهی بەشێکی لایەنەکان که ڕوویداوە، پشتگیری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین و هیوادارین بەسەر ئاستەنگ و رێگریەکان سەرکەوتوبێت لە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکهی کە رێککەوتنی لە سەرکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، کۆبونەوە پاڵپشتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە و هەنگاوەکانی بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بەرزنرخاند و هەروەها هەوڵەکانیان لە چارەسەری بابەتی بوودجە و دابین کردنی مووچە و بژێوی ژیان و ئەمنیەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پەسەندزانی.
ئەوەش خراوەتەڕوو: "هەنگاوەکانی پارتیمان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێم و ڕەخساندنی کەش و هەوایەکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و رێککەوتن لە سەر رێکارە یاساییەکان، لەو پێناوەدا بەردەوامدەبین لە کۆبونەوەکانمان لەگەڵ لایەنەکان و هەوڵ دەدەین ئاستەنگ و کێشەکان چارەسهربکەین و ئیدارەی بارودۆخەکە بدەین بەشێوەیەک جیاوازییەکان ڕێگرنەبن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی دا".
Your Comment