کۆتایی کۆبوونەوەی یەکێتیی و پارتی و درێژەی ناکۆکیی نێوانیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام دوای زیاتر لە چوار کاژێر کۆتایی هات و لەکاتی هاتنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی بە تووڕەییەوە پیرمامی جێهێشت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی یەکشەممە ۹ـی تەممووزی ۲۰۲۳، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات، بە تووڕەییەوە رایگەیاند: "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک ڕووبدات، وەکوو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە". بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە".

 کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد، ئاخۆ لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکن، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووڕەییەوە پرسی: "لەوە دەچێت نزیک بین؟" و شوێنی کۆبوونەوەکەی بەبێ ماڵئاوایی بەجێهێشت. 

دوای ئەوە، بافڵ تاڵەبانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کردەوە و هۆکاری ماڵئاوایی‌نەکردن و جێهێشتنی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بۆ پاڵەپەستۆی رۆژنامەنووسان گەڕاندەوە و رایگەیاند: "داوای لێبووردن لە شاندەکەی پارتی دەکەم کە بەبێ ماڵئاوایی جێمهێشتن، لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسان پانیان کردمەوە".

 دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بوو، تێڕوانینی هاوبەشمان زۆربوو و جیاوازیشمان هەبوو."  

فازڵ میرانی هۆکاری تووڕەبوونی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ لێدوانی یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکەی گەڕاندەوە و گوتی: "هاوڕێیەکی ئێمە لێدوانێکی دابوو و هاوڕێیانی یەکێتی پێی ناڕەحەت بوون، بەڵام ئەو لێدوانە سیاسەتی فەرمی حیزب نەبوو. ئێمە نەمانگوتووە یەکێتی هێز نییە، لە هەڵبژاردنەکانی ۲۰۰۳ برادەرانی یەکێتی ۱۳ بۆ ۱۴ کورسییان بەدەستهێنابوو، بەڵام ئێمە سەرۆکوەزیرانمان پێدان".

فازڵ میرانی لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی گوتی: "بارودۆخی نەگونجاو دێتە پێشەوە، بەڵام مرۆڤ نابێت هەراسان بێت، لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا پشت بەخودا ئەو کێشانەش چارەسەر دەکەین، بڕیاریشمان داوە بە زووترین کات کۆبوونەوەی سێیەم بکەین، ئەمەش کۆتایی دنیا نییە، ئێمە دوو حیزبین و مێژوویەکی دوورودرێژمان بەیەکەوە هەیە". 

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەرپرسیاریەتی ئێستامان لە هەموو کاتێک زیاترە، ئێمە چەندین بەرپرسیاریەتی گرنگمان هەیە کە یەکەمیان پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دووەم بەردەوامبوونی ئەو نیمچە دیموکراسییەی هەیە وێڕای پاراستنی ئازادی و بەیەکەوەژیان و سێیەمیان ئەوەیە، هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە چارەسەر بکەین، چوارەمین بەرپرسیاریەتیشمان ئەوەیە، هەوڵ بدەین هاوڕیزییەک دروست بکەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا".

News Code 221811

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha