وەفدێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارە وەفدێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم بچێتە بەغداد، لەبارەی چۆنیەتی ناردنی پشکی هەرێم لە یاسای بوودجەی عێراق و پاکتاوی شەش مانگی رابردووی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ بکەن.

    شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە مانگانە نزیکەی ۹۰۶ ملیار دینار و ساڵانە ۵ ترلیۆن و ۴۳۶ملیار دینارە، ئەمە سەرەڕای بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و خەرجیەکانی دیکە.

    پاکتاوی دارایی سەر هەرێمی کوردستانیش بۆ شەش مانگی رابردوو تایبەتە بە  نەوتی سێ مانگی ۲۰۲۳،  ۵۰%ی داهاتی خاڵە سنورییەکان، قەرزی بانکی بازرگانی ، قەرزی ۴۰۰ ملیار دینارەکە بگەڕێنێتەوە، کە بۆ ئەو شەش مانگە دەکاتە نزیکەی ۵ ترلیۆن و ۴۰۶ ملیار دینار.

یاسای بوودجە دوای ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاو کرایەوە چووە بواری جێبەجێ‌کردنەوە،  لەبەر ئەوەی یاسای بوودجە (اثر رجعی) هەیە بۆیە لە ۱/۱/۲۰۲۳ەوە ئەژمار دەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە پاکتاو هەیە، وەفدەکەی وەزارەتی دارایی کە زیاتر تەکنیکی و ژمێریارییەو پێش پشووەکانی جەژنی قوربانیش سەردانی بەغدادیان کردووە، بەمەبەستی ووردەکاری جێبەجێ‌کردنی یاسای بوودجە و پشکی هەرێم و پاکتاوی شەش مانگی رابردووە.

 

کورد لە بوودجە

دواجار، یاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند کراو لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاوکراوەیەوەو، راستەوەخۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ماددەکانی ۱۱، ۱۲، ۱۳ی بوودجە تایبەتن بە هەرێمی کوردستانەوە، ئەمە سەرباری چەندین بڕگەی تر کە لەناو بوودجەکەدا هەرێم دەگرێتەوە.

بەپێی ئەوەی لە یاسای بوودجەدا هاتووە:

    لە ئەگەری خەرجکردنی رێژەی ۱۰۰%ی شایستە داراییەکانی هەرێمدا وەکوو ئەوەی لە یاسای بوودجەدا هاتووە، بۆ ساڵی ۲۰۲۳ تێکڕای شایستەی هەرێمی کوردستان لەناو بوودجەدا بریتی دەبێت لەبڕی ۱۸ ترلیۆن‌و ۳۱۰ ملیار دینار، واتا مانگانە بڕی ترلیۆنێک‌و ۵۲۶ ملیار دینار.

    لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەم شایستە داراییەدا، هەرێمی کوردستانیش پابەندی دارایی دەکەوێتە سەر شان‌ و دەبێت بەپێی یاسای بوودجە بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، تێکڕای ئەو پابەندییە داراییەی کە بۆ ساڵێک دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی هەرێم بڕەکەی ۱۴ ترلیۆن‌و ۵۲۰ ملیار دینارە، واتا بۆ هەر مانگێک بڕی ترلیۆنێک‌و ۲۱۰ ملیار دینار.

واتا بەگوێرەی ئەم هاوکێشەیە، هەرێم مانگانە بڕی ترلیۆنێک‌و ۵۲۶ ملیار دینار لە بەغداد وەردەگرێت‌و لەبەرامبەردا بڕی ترلیۆنێک‌ و ۲۱۰ ملیار دینار بۆ بەغداد دەگەڕێنێتەوە، لەم جیاوازییەدا بڕی ۳۱۰ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

بەگوێرەی حیساباتێک کە ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردویەتی، تێکڕای شایستە داراییەکانی هەرێم:

یەکەم: قەرەبووی فەرمانبەران

بە تێکڕا مووچەی فەرمانبەران ، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ ساڵی ۲۰۲۳ بڕەکەی دەکاتە ۱۰ ترلیۆن و ۸۷۶ ملیار دینار، واتا بۆ هەر مانگێک بڕی ۹۰۶ ملیار دینار.

 

مووچە لەناو بوودجەدا

تەرخانکراوی مووچە یەکێک لە پایە گرنگەکانی پشکی هەرێمی کوردستانە لەناو بوودجەی فیدراڵی عێراقدا، سێ جۆر تەرخانکراوی مووچە لە ناو بوودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە کە ئەمانەن:

    بڕی ۹ ترلیۆن‌و ۳۰۰ ملیار دیناری خەرجی رەوەن النفقات الجاریە بۆ مووچەی ۶۸۱ هەزارو ۹۷۹ فەرمانبەری هەرێم تەرخانکراوە، ئەم بڕە پارەیە بۆ هەر مانگێک دەکاتە ۷۷۵ ملیار دینار.

    بڕی ترلیۆنێک‌و ۳۴۶ ملیار دینار بۆ خەرجی مووچەی خانەنشینی واتا مانگانە بڕی ۱۱۲ ملیار دینار.

    بڕی ۲۲۸ ملیارو ۳۰۴ ملیۆن دینار بۆ یەک ساڵی خەرجی مووچەی پێشمەرگە واتا مانگانە بڕی ۱۹ ملیار دینار.

بەپێی ئەم هاوکێشەیە، بە تێکڕا هەرێم مانگانە تەنیا بۆ مووچە بڕی ۹۰۶ ملیار دیناری لە بوودجەی گشتی عێراق بەردەکەوێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی دواین مانگ، تێکڕای خەرجی مانگانەی مووچە لە هەرێمی کوردستان بڕەکەی ۹۱۲ ملیار دینارە.

بە لێدەرکردنی ئەو بڕە پارەی کە مانگانە لە بوودجەی عێراق بۆ مووچەی هەرێم تەرخان دەکرێت واتا ۹۰۶ ملیار دینار لەگەڵ خەرجی راستەقینەی مووچە لە هەرێم واتا ۹۱۲ ملیار، دەردەکەوێت لەدوای جێبەجێکردنی یاسای بوودجە، مانگانە حکوومەتی هەرێم بڕی ۶ ملیار دینار کورتهێنانی لە دابینکردنی خەرجی مووچەدا دەبێت.

 

کورتهێنانی خەرجی مووچە چۆن پڕدەکرێتەوە؟

بەپێی یاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق، هەرێمی کوردستان مانگانە دەبێت رێژەی ۵۰%ی داهاتی دەروازە سنورییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، تێکڕای داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لە بوودجەدا بۆ ماوەی ساڵێک بەبڕی ترلیۆنێک‌و ۵۶۰ ملیار دینار دیاریکراوە، واتا هەر مانگێک ۱۳۰ ملیار دینار وەکوو داهاتی دەروازە سنورییەکان دیاریکراوە، ئەم داهاتە بەشێوەی مەقاصە ۵۰% دەگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و ۵۰%ی تری بۆ حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە کە مانگانە بڕەکەی ۶۵ ملیار دینارە.

سەرباری ۵۰%ی داهاتی دەروازە سنورییەکان، لەدوای پەسەندکردنی بوودجەوە حکوومەتی هەرێم چەند داهاتێکی تریشی هەر لەبەردەستدا دەمێنێت، لەوانە:

    بڕی ۳۰ ملیار دیناری مانگانەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.

    داهاتی تری ناوخۆیی لە باج‌و رسومات جگە لە فەرمانگە فیدراڵییەکان کە مانگانە بە زیاتر لە ۱۰۰ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، واتا ئەگەر حکوومەتی هەرێم مانگانە بە تەواوەتیش پابەندییە داراییەکانی  خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ بکات، هێشتا نزیکەی ۲۰۰ ملیار دینار داهات لە ناوخۆدا کۆدەکاتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەتوانێت بێ کێشە ۶ ملیار دینارەکەی کورتهێنانی خەرجی مووچە پڕبکاتەوە.

 

پاکتاوی شەش مانگی رابردوو

بەپێی یاسای بوودجە، یاساکە لە رۆژی ۱/۱/۲۰۲۳ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە نەک لەو رۆژەی کە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقی بڵاو دەکرێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت یاسای بوودجە اثر رجعی تێدایە، واتا شایستە‌و پایەندی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت.

شایستە‌و پابەندی هەرێم لە یاسای بوودجە بۆ ۶ مانگی ئەمساڵ چۆن پاکتاو دەکرێت؟

پاکتاوی ۶ مانگی ئەمساڵ لەرێگەی هاوکێشەی شایستەی مووچەی هەرێم – پابەندییەکانی سەر شانی هەرێم دەردەهێنرێت، با ئەم هاوکێشەیە بکەین بە ژمارە:

    تێکڕای شایستەی مووچە هەرێم لە ناو بوودجە مانگانە بڕەکەی ۹۰۶ ملیار دینارە، بڕی ئەم پارەیە بۆ ماوەی ۶ مانگ دەکاتە ۵ ترلیۆن‌و ۴۳۶ ملیار دینار. 

    تێکڕای پابەندییە داراییەکانی ۶ مانگی رابردووی سەر شانی هەرێم کە دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بریتییە لەمانە:

-    بەهۆی پەسەندنەکردنی بوودجەوە، لە ۶ مانگی رابردوودا هەرێم بڕی ترلیۆنێک و ۶۰۰ ملیار دینار وەکوو قەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووە‌و بەڵێنیداوە دوای پەسەندکردنی بوودجە  بیگەڕێنێتەوە

-    قەرزی بانکی بازرگانی عێراق TBI کە مانگانە بڕەگەی ۵۳ ملیارو ۷۰۰ ملیۆن دینارەو بۆ شەش مانگ تێکڕای ئەم پارەیە دەکاتە ۳۲۲ ملیارو ۲۰۰ ملیۆن دینار.

-    داهاتی بەدەستهاتووی نەوتی هەرێم لە ۱/۱/۲۰۲۳ بۆ ۲۵/۳/۲۰۲۳ کە بڕەکەی مانگانە ترلیۆنێک‌و ۹۲ ملیار دینارە بۆ ئەو سێ مانگە جگە لە پێنج رۆژی مانگی ئازار بە تێکڕا دەکاتە ۳ ترلیۆن ‌و ۹۴ ملیار دینار.

-    کۆی گشتی داهاتی خاڵە سنورییەکان کە مانگانە ۱۳۰ ملیار دینار دیاریکراوە، رێژەی ۵۰%ی ئەم داهاتە بۆ بەغداد دەگەڕێتەوە کە مانگانە بڕەکەی ۶۵ ملیار دینارە، کۆی شەش مانگی رێژەی ۵۰%ی داهاتی دەروازە سنورییەکان دەکاتە ۳۹۰ ملیار دینار.

بە کۆکردنەوەی ئەم ژمارانەی سەرەوە،  تێکڕای ئەو پابەندییە داراییانە دەردەکەوێت کە لەناوەی ۶ مانگی رابردوودا دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی هەرێم‌و دەبێت بۆ بەغدادی بگەڕێنێتەوە، بڕەکەی ۵ ترلیۆن‌و ۴۰۶ ملیار دینارە.

پاکتاوی ۶ی مانگی رابردوو لەنێوان هەولێرو بەغداد بەپێی یاسای بوودجە، لەم هاوکێشەیەدا دەردەهێنرێت:

شایستەی مووچەی هەرێم - پابەندییەکانی هەرێم= پوختەی پاکتاوکراو

۵ ترلیۆن و ۴۳۶ ملیار- ۵ ترلیۆن‌و ۴۰۶ ملیار دینار = ۳۰ ملیار دینار

واتا لەم پاکتاوەدا دەبێت حکوومەتی فیدراڵ بڕی ۳۰ ملیار دینار بۆ حکوومەتی هەرێم بگەڕێنێتەوە.

 

پارەی نەوتی هەرێم لە کوێ دادەنرێت؟

بەرەبەیانی ۲۵ی ئازاری رابردوو، تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگرت، ئەمەش وەکوو وڵامدانەوە‌و کاردانەوەیەک بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵای عێراق.

لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، حکوومەتی هەرێم هیچ چارەیەکی تری لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی هەناردەی نەوت رادەستی کۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بکات، ئەمەش لەچوارچێوەی رێککەوتنێکدا لەنێوان هەولێرو بەغداد.

بڕگەی یەکەم لە ماددەی ۱۳ی بوودجەی پەسەندکراوی عێراق دەڵێ:

    تێکڕای داهاتی نەوتی هەناردەکراو و فرۆشراو لە ناوخۆدا، لەو کێڵگانەی کە دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە، لە حساب بانکییەکدا دادەنرێت کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لای بانکی ناوەندیی عێراق دەیکاتەوە‌و هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دادەنێت کە لە هەناردەو فرۆشی نەوتی خاو‌و بەرهەمەکانییەوە بەدەستدەهێنرێن، بەبێ هیچ لێبڕینێک. هەموو حساب بانکییە هاوشێوەکان دادەخرێن.

بەگوێرەی ئەم بڕگەی بوودجە، سەرلەبەری رێککەوتنی پێشووی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەڵوەشێندراوەتەوە‌و لەمەودوا تێکڕای داهاتی نەوتی هەرێم کە بە دۆلار دەگەڕێتەوە، دەچێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقی شایستە داراییەکانی هەرێم دەنێرێت.

هەرچی هەژماری بانکیی دووەمە کە لە مادەی ۱۳دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوودجە کە ئەم هەژمارەیان بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکێکی باوەڕپێکراوی نێوخۆیی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوەو دەسەڵاتی خەرجکردن لەم هەژمارە بانکییە بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەوەی کە ئەو تەخویلی دەکات کە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەمویل بکات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەکەم کە حسابی داهاتی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوتەکەیە کە ئەگەر هەژماری بانکیی یەکەم کە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی ۴۰۰ هەزار بەرمیلەکە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا هیچ پارەیەک نایەتە هەژماری دووەم.

News Code 221802

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha