بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەكەدا كە ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ پاراستنی شەرعییەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە بێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەک بەڕێوە بچن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و، باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و مەسعوود بارزانیش وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دێرینی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، خوازیاری قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بوو.
Your Comment