هێزەکانی سووریای دیموکرات ساڵی ڕابردوو ۶۳۷ منداڵیان چەکدار کردووە

بەشی جیهان- لە دوایین راپۆرتیدا سەبارەت بە بەکارهێنانی منداڵ لە ململانێ و شەڕەکانی سووریا، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هەرچەندە دۆخی نێوخۆی ئەو وڵاتە بەرەو ئارامیی دەچێت، بەڵام چەکدارکردنی منداڵان زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی منداڵ لە شەڕدا و بەزۆر چەکداریکردنیان بڵاوکردووەتەوە و لە راپۆرتەکەدا یوئێن ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی نێو سووریا لە ماوەی ۱۲ ساڵی جەنگی سووریادا منداڵیان بەکارهێناوە و بە زۆر کردوویاننەتە چەکدار.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە سووریا، ژمارەی ئەو منداڵانەی بەزۆر کراونەتە چەکدار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە زیادیکردووە. لە ساڵی ۲۰۲۰دا ۸۱۳ منداڵ و لە ۲۰۲۱دا هەزار و ۲۹۶ و لە ساڵی ۲۰۲۲شدا هەزار و ۶۹۶ منداڵ چەکدار کراون.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەنێو ئەو گرووپە چەکدارانەی منداڵیان بردووەتە ریزەکانیانەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمریکایە لە سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

ساڵی رابردوو، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ۶۳۷ لەو منداڵانە لەلایەن هەسەدە و گرووپەکانی نزیک لەو هێزە چەکدارکراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، ۶۱۱ منداڵیش لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە چەکدارکراون کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن. هەروەها ۳۸۳ منداڵ لەلایەن گرووپی تەحریر شام چەکدارکراون.

لەگەڵ ئەوەش راپۆرتەکە باس لە ۲۵ منداڵ دەکات کە لەلایەن سوپای سووریا و گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە حکوومەت چەکدار کراون.

لەو بارەیەوە، بەسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخرای مەدەنی سوورییەکان بۆ راستی و دادپەروەری رایگەیاندووە، منداڵان لەسەرانسەری سووریادا دەکرێنە چەکدار.

ئەو چالاکڤانە ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لەو منداڵانە بەزۆر دەکرێنە چەکدار و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی خراپی باری ئابووریی خێزانەکانیان ناچارن چەک هەڵبگرن. هەندێکیشیان بەهۆی ئایدۆلۆژیا یان بەهۆی پەیوەندیی خێزانی و هۆزەوە بوونەتە چەکدار. لە هەندێک کەیسیشدا منداڵان وەکوو بەکرێگیراو لە شەڕەکانی دەرەوەی سووریا بەکاردەهێنرێن.

لە ساڵی ۲۰۱۹، هەسەدە رێککەوتنێکی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرد و بەڵێنی‌دا کۆتایی بە چەکدارکردنی کەسانی تەمەن خوار ۱۸ ساڵ بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ئۆفیسێکی تایبەت بە پاراستنی منداڵانی لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی کردەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات ساڵی ڕابردوو ۶۳۷ منداڵیان چەکدار کردووە

News Code 221764

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha