بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاندووە: یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی ساڵانە هەیە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، هەموو ساڵێک ئەو یاداشنامەیە نوێ دەکرێتەوە.
جەبار یاوەر ڕاشیگەیاند بەپێی ئەو یاداشتنامەیە ساڵانە هاوکارییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە دەکرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاری راوێژکاری، مەشقپێکردن، چەک و تەقەمەنی، هەروەها مانگانە 20 ملیۆن دۆلار وەک مووچە دەنێرن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات یەکێک لە مەرجەکانی ئەو یاداشتنامەیە دەبێت هێزەکان پێشمەرگە یەکبخرێت و پڕۆسەی ریفۆڕم جێبەجێبکرێت.
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی 2018 پڕۆژەیەکی هاوبەش هەبوو لەنێوان ئەمیندارێتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا، کە 35 خاڵی ریفۆڕمیان بۆ پێشمەرگە خستەڕوو، لەو پڕۆژەیەش هاتوە دەبێت لەماوەی سێ تا پێنج ساڵ جێبەجێ بکرێت، کە سەرەکیترین خاڵیان یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە.
ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا و هاوپەیمانان گرنگیەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدەن، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی لە ڕووی جوگرافییەوە هەیە لە ناوچەکەدا، هەروەها بەرژەوەندییەکی باڵای ئەمریکا و وڵاتان هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بە گشتی، ئەوان دەیانەوێت هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان یەکگرتوو بێت، ئەوان نایانەوێت ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بەڕێوەبردبی حکوومەت ببێتە ناکۆکییەکی چەکداری.
جەبار یاوەر، وتیشی: ئەمساڵ کۆتا دەرفەتە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەهۆی ئەوەی ئەگەر ئەمساڵ پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرێت، ئەمریکا و هاوپەیمانان "بڕواناکەم جارێکی دیکە یاداشتنامەی لێکتێگەشتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژو بکەن"، هەروەها ئەو کات "سەرجەم هاوکارییەکانیان دەوەستێنن بۆ هەرێمی کوردستان".
ناوبراو باسی لەوەش کرد، "ململانێی سیاسی هۆکارە بۆ سستبوون و ڕاگرتنی پڕۆسەی یەکسختنی هێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم هیزەکانی دیکە"، هەروەها "دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان بێلایەن بن"، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان نایانەوێت پێشمەرگە بۆ ململانێی سیاسی بەکاربێت.
Your Comment