بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەگەری پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە لایەن ئەمریکاوە بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گوتی: "سەرنج و جەختی تاران لەسەر بەرپرسیارێتیی حکوومەتی ناوەندیی عێراقە؛ هاوکات دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەوە روونکردنەوە بدەن".
کەنعانی ڕاشیگەیاند: "بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێ ئاگاداری بەرپرسیارێتیی خۆیان و هەستیاربوونی کارەکانیان پەیوەندیدار بە ئاسایشی سنوور و رەچاوکردنی سیاسەتی دراوسێیەتی بن".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە: تاران هیچکات متمانەی بە ڕوانگە و کردەوەکانی ئەمریکا نییە، چوونکە "واشنتن بەرژەوەندیی خۆی لە ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی ناوچەکە و تێکدانی پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ دراوسێکانیدا دەبینێت".
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە، کۆنگرێسی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیدا بڕگەیەکی زیادکردووە کە تایبەتە بە دابین کردنی سیستمی دژە مووشەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان. ئەو بڕگەیە بڕیارە دوای ئەنجوومەنی نوێنەران، رەوانەی ئەنجوومەنی پیران بکرێت.
ئێرنی ئاودینۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز رۆژی ۲۲-۶-۲۰۲۳ بە رووداوی راگەیاند: ''کورد و پێشمەرگە بۆ چەندین ساڵە هاوبەشێکی مەزنی ئێمەن؛ ئەوان پێویستیان بەو دژە مووشەکەیە و ئێمەش دەمانەوێت ئەوان بەهێزبن بەرامبەر بەو مووشەکانە؛ بۆیە ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگە، بەڵام بەداخەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی نییە؛ دەبێت ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندی بکات، دواتر دەچێتە کۆشکی سپی تاوەکوو واژۆی لەسەر بکرێت".
Your Comment