ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندی وادەکانی هەڵبژاردن نەبێت بەغدا دەستوەردان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مامۆستای زانكۆ و شاره‌زای یاسا و ده‌ستوری هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌ واده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕێگا ده‌كاته‌وه‌ بۆ داموده‌زگاكانی عێراق تا ده‌ستوه‌ر بده‌ن له‌ كاروباری هه‌رێم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاكم شێخ له‌تیف مامۆستای زانكۆ و شاره‌زایی یاسا و ده‌ستوری له‌ لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌كانی هه‌موو سیستمێكی فیدراڵی دیموكراسی و زۆر گرنگه‌ له‌ كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌".

حاكم شێخ له‌تیف وتووشیەتی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمیان ده‌كرد و به‌غداش لاواز بوو، بۆیه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم زۆر گوێی نه‌ده‌دا به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن".

ئەوەشی خستۆتەڕوو: "ئێستا واقیعێكی نوێ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئابووری سه‌ربه‌خۆ شكستی هێنا و پاش بڕیاری دادگای پاریس و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ ئێستا په‌رله‌مانمان نییه‌. ئێمه‌ ئێستا بۆشاییمان له‌ ده‌زگایه‌كی دانانی یاسا و ڕێسا هه‌یه‌ و ده‌بێت پڕ بكرێته‌وه‌".

هەروەها باسی‌ له‌وەش‌ كردووە كه:‌ "پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم، كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ دیاری كردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمسیۆی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم شه‌رعییه‌تی نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها به‌ ته‌نسیق له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق، كاتێكی دیاریكراو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری بكه‌ن".

حاكم شێخ له‌تیف راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به‌ واده‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕێگا ده‌كاته‌وه‌ بۆ داموده‌زگاكانی عێراق، ده‌ستوه‌ربده‌ن له‌ كاروباری هه‌رێمی كوردستان و زیاتر ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم به‌ بیانوی پاراستنی دیموكراسی كه‌م بكه‌نه‌وه‌، له‌ ڕووی ده‌ریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی پاڵپشتی زیاتری دۆسته‌كانمان به‌ تایبه‌تی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا".

News Code 221725

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha