ئەو بڕە پاریە کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تەرخان کراوە بە قەبارەى زیانەکان نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شنگال چاوەڕێى ئەو ۵۰ ملیار دینارەیە کە لە بوودجەى عێراق دیاری کراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى. بودجەکە لە چوارچێوەى دروستکردنى سندووقى ئاوەدانکردنەوەى نەینەوایە کە بەهۆى شەڕى داعشەوە زیانی بەرکەوتووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانى شنگال دەڵێن، پارەکە بە قەبارەى زیانەکان نییە. نایف سیدۆ، قایمقامى شنگال بە وەکالەت ئاماژە بەوە دەکات، بە ۲۵ ملیار دینار وێستگەیەکی کارەباش دروست ناکرێت، شنگال ناوچەیەکی زیانلێکەوتووە و بە ۵۰ ملیار و ۱۰۰ ملیار و ۲۰۰ ملیار دینار ئاوەدان ناکرێتەوە.

 پەرلەمانى عێراق لەکاتى تاوتوێ کردنى پڕۆژەیاسای بودجەدا هەردوو ناحیەى زوممار و قەحتانیەى بۆ سندووقەکە زیادکرد، بەبێ ئەوەى پارەکەى زیاد بکات.

 ئیبراهیم میرانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى نەینەوا دەڵێت، دابەش کردنی بودجە بە شێوەیەکی گشتی هەندێک بنەما و پێوەری هەیە و لەسەر ئەو بنەما و پێوەرانە دابەش دەکرێت، یەکێکیان ژمارەی دانیشتووانە و دووەمیش ئەوەی کە تاچەند ئەو ناوچەیە زەرەری بەرکەوتووە

لە ساڵى ۲۰۲۱ـەوە لیژنەى باڵاى ئاوەدانکردنەوەى نەینەوا پێکهێندراوە کە بەشێک لە ئەرکەکانى ئاوەدانکردنەوەى شنگالە

لەنێوان ۲۰۱۴ بۆ ۲۰۱۷ زۆرینەى ناوچەکانى پارێزگاى نەینەوا لە دەستى داعشدا بوون؛ بە گوتەى بەرپرسانى شارەکە، بۆ نەهێشتنی کاریگەرییەکانی وێرانکارییەکە پێویستیان بە ۱۵ ملیار دۆلارە.

News Code 221713

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha