بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانى شنگال دەڵێن، پارەکە بە قەبارەى زیانەکان نییە. نایف سیدۆ، قایمقامى شنگال بە وەکالەت ئاماژە بەوە دەکات، بە ۲۵ ملیار دینار وێستگەیەکی کارەباش دروست ناکرێت، شنگال ناوچەیەکی زیانلێکەوتووە و بە ۵۰ ملیار و ۱۰۰ ملیار و ۲۰۰ ملیار دینار ئاوەدان ناکرێتەوە.
پەرلەمانى عێراق لەکاتى تاوتوێ کردنى پڕۆژەیاسای بودجەدا هەردوو ناحیەى زوممار و قەحتانیەى بۆ سندووقەکە زیادکرد، بەبێ ئەوەى پارەکەى زیاد بکات.
ئیبراهیم میرانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى نەینەوا دەڵێت، دابەش کردنی بودجە بە شێوەیەکی گشتی هەندێک بنەما و پێوەری هەیە و لەسەر ئەو بنەما و پێوەرانە دابەش دەکرێت، یەکێکیان ژمارەی دانیشتووانە و دووەمیش ئەوەی کە تاچەند ئەو ناوچەیە زەرەری بەرکەوتووە.
لە ساڵى ۲۰۲۱ـەوە لیژنەى باڵاى ئاوەدانکردنەوەى نەینەوا پێکهێندراوە کە بەشێک لە ئەرکەکانى ئاوەدانکردنەوەى شنگالە.
لەنێوان ۲۰۱۴ بۆ ۲۰۱۷ زۆرینەى ناوچەکانى پارێزگاى نەینەوا لە دەستى داعشدا بوون؛ بە گوتەى بەرپرسانى شارەکە، بۆ نەهێشتنی کاریگەرییەکانی وێرانکارییەکە پێویستیان بە ۱۵ ملیار دۆلارە.
Your Comment