پاشهاتەکانی کۆتاییهاتنی ئاگربەست و دەست پێکردنەوەی چالاکیی سەربازیی پ.ک.ک

بەشی جیهان- شرۆڤەکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا بڕوایان وایە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی دەست پێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان لەلایەن پەکەکەوە زیاد بوونی گوشارەکانە بۆ سەر ئەمریکا لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا و زیاتر بوونی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیایە لە دژی کوردەکانی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا یان PKK دوای بوومەلەرزە گەورەکەی مانگی شوباتی تورکیا کە تا کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەم وڵاتە چالاکییە سەربازییەکان خۆی ڕاگرت. بەڵام کەجەکە ئەمڕۆ بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکەی ڕاگەیاند.

بەشێک لە شارەزایانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکەی پەکەکەیان بە هەنگاوێک وەسف دەکەن کە گرژی و ئاڵۆزیی لێدەکەوێتەوە و ڕەنگە گەورەترین پاشهاتەکانی بۆ کوردی سوریا هەبێت.

چارڵز لیستەر، شرۆڤەکاری پرسە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی پەکەکە ڕەنگە ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریا، بخاتە ژێر گوشارەوە ئەمەش بەهۆی هاوکارییەکانی لەگەڵ هێزە کوردەکانی سووریا، کە تورکیا لقێکی پەکەکە-یان دەزانێت.

هەروەها جینا لینۆکس، لێکۆڵەری پرسی کورد لە ئوسترالیا، پێی وایە ئۆپەراسیۆنە ناوەناوەکانی پەکەکە ناتوانێت ئامانجەکانی کورد لە تورکیا بپێکێت، بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی چالاکییە سیاسی و یاساییەکانیان لەم وڵاتەدا زیاتر و زیاتر سنووردار بێت و کوردەکان نەتوانن لە ڕێگەی سیاسییەوە بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن.

ناوبراو لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەم تورکیا و هەم پەکەکە بزانن کە چارەسەری کێشەی کورد لەم وڵاتەدا لە ڕێگای سەربازییەوە نییە.

هەروەها ئەمبرین زەمان، پەیامنێری تایبەتی گۆڤاری ئەمریکی مۆنیتۆر، پێی وایە دەستپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر ئامادە بوونی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەردەوامبوونی هاوپەیمانیی ئەم وڵاتە لەگەڵ کوردەکانی سووریا.

هەروەها ئەلیزا مارکوس، شرۆڤەکاری پرسی کورد، دەڵێت: یەکێک لە پاشهاتەکانی کۆتایی هێنان بە ئاگربەست لەلایەن PKKەوە زیاتر بوونەوەی گرژییەکانە لەنێوان تورکیا و گرووپە بەرهەڵستکارەکان لە ناو خاکی تورکیا و عێراق.

News Code 221661

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha