بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی باسنیووز بڵاوی کردەوە: یەکێتی بە دانانی بڕگەیەک لە یاسای بوودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە بوودجەی پارێزگای سلێمانیی مسۆگەر کردووە و هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە ئەگەر هەیە بەغدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی بکات، لە کاتێکدا هیچ کاتێک لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نادادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتدا نەکراوە، بەڵام هەوڵ دراوە ڕێگە لە تاڵانکردنی داهاتی سلێمانی لە لایەن یەکێتی بگیرێت.
لەمبارەیەوە خەلیل دۆسکی، ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: هەرچەندە خاڵی (ب) لە بڕگەی 8ی ماددە 14ی یاسای بوودجە، بڕگەیەکی یاسایی نییە و سیاسییە، دەبێ بزانین کەی بەغدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان دەکات؟ "ئەگەر هاتوو ناکۆکی پەیدا بوو و سکاڵایان کرد، ئەو کاتە لێژنە دێت و لێکۆڵینەوە دەکات کە ئایا ڕاستە بەشی فڵان پارێزگا نەدراوە؟ ئەگەر ڕاست بوو ڕاپۆرت بۆ سەرۆک وەزیران دەنووسن و ئەوکاتە سەرۆک وەزیران دەتوانێ بڕیار بدات بۆ ئەوەی راستەوخۆ پارە بنێرێت، بەڵام پێشوەخت بەغدا دەبێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی پارەکە دەچێتە دەستێکی ئەمینەوە، لەم ڕووەشەوە یەکێتی زەرەر دەکات، لە لایەکی دیکە 90٪ی داهات لە هەولێر و دهۆکە، بۆیە ماددەکە لە بەرژەوەندیی یەکێتی نییە".
ڕوونیشی کردەوە، ئەم بڕگەیە "دەبێتە هۆی ئەوەی یەکێتی نەتوانێت بە دڵی خۆی داهاتی سلێمانی ببات، بۆیە ئەکید لە داهاتوودا یەکێتی مەمنوون دەبێ ئەو بڕگەیە لە بوودجە جێبەجێ نەکرێت، چوونکە ئەوان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە پارتی ئەو کارەیان کرد، لەلایەکی دیکەش یەکێتی بە تەنیا لە سلێمانی نییە تا بیەوێ مامەڵەی پێوە بکات، لایەنەکانی وەک یەکگرتوو، نەوەی نوێ و کۆمەڵیش بەو بابەتە ڕازی نین و دژی ئەو بابەتەن".
ئەوەشی خستە روو کە یەکێتی ئەمەی کردووە بۆ خۆدزینەوە لە گەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتی، بەڵام لەم بابەتەدا زەرەر دەکات.
Your Comment