بەرێوبەرایەتی خۆسەر بڕیاری دا بە دادگای کردنی ۱۰ هەزار چەکداری داعش

بەشی سووریا- بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بڕیاری دا بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە تیرۆر، چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش دادگایی بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە: پرۆسەی دادگایی کردنەکە ئاشکرا و دادپەروەرانە و شەفاف دەبێت، بە شێوەیەک کە مافی داواکاران و قوربانیان و ئەندامانی خێزانەکەیان بپارێزێت.

بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە بەهۆی شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکانیان و هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی تاوانەکانی داعش بووە.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە بەو مانایە نییە کە بەرێوبەرایەتیی خۆسەر بۆچوونی خۆی سەبارەت بە پێویستیی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی گۆڕیوە و دەشڵێت: ئێمە هێشتا پێداگرین لەسەر بانگەوازەکەمان سەبارەت بە ئەوەی دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی داواکارییەکانمان بداتەوە بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی.

هەر لە بەیاننامەکەدا بەرێوبەرایەتی خۆسەر داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ناوخۆییەکان کردووە کە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری بکەن لە هەموو قۆناغەکانی دادگایی کردنەکاندا.

بەپێی بەیاننامەکەی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، دەستگیرکراوە بیانیەکانی داعش بە یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی بەردەم بەرێوبەرایەتی خۆسەر دادەنرێت و مانەوەیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بەبێ دادگایی کردن پێچەوانەی یاسا و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە جگە لەوەی دەستگیرکراوەکان دەبنە هۆی بەردەوام بوونی مەترسی ئەمنی لە ناوچەکەدا.

ژمارەی  دەستبەسەرکراوانەی داعش لە کوردستانی سووریا، نزیکەی ۱۰ هەزار دەبێت، ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار ئەندامی خێزانەکانیان لە نێو کامپەکانی دەمێننەوە.

شایانی باسە لە یەکەم رۆژەکانی کۆتایی هاتنی شەڕی باغوزەوە لە ساڵی ۲۰۱۹، بەرێوبەرایەتی خۆسەر داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی دادگایی کردنی دەستگیراوەکانی داعش، هەروەها دەستپێشخەرییەکانی خستۆتەروو بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی.

News Code 221632

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha