بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕهجهب تهییب ئهردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا فەرمانی دامەزراندنی ئیبراهیم کاڵن-ى لەپۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) واژۆ کرد.
کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا لە 17 وەزارەت پێکهاتووە، کە هاکان فیدان سەرۆکی پێشووی (میت) لەلایەن ئەردۆغانەوە بەوەزیری دەرەوەی تورکیا دەستنیشان کرا و لەشوێنی مەولوود چاوشئۆغڵو دەستبەکار بوو.
ئیبراهیم کاڵن کێیە؟
ئیبراهیم کاڵن، لە 15ی ئەیلوولی 1971 لەگهوره شارى ئیستانبووڵ لەدایک بووە، خێزانەکەی كاڵن لهبنهڕهتدا خەڵکی ناوچەی ئەرزڕومی باکووری رۆژهەڵاتی تورکیان، ئهو خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، لەساڵی 1992 ههر لە ئیستانبوڵ بەکالۆریۆسی لە پسپۆڕی مێژوو بەدەست هێناوە و دواتریش چۆته مالیزیا و بڕوانامەی ماستەرى بەدەست هێناوه، لە2002شدا بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان و فەلسەفەی بەراورد لە زانکۆی جۆرج واشنتن بەدەست هێناوە.
سەرۆکی نوێی میتى توركیا، خاوەنی چەندین کتێب و بەرهەمی ئەکادیمییە و شارەزاییەکی زۆری لە بوارەکانی مێژوو، فەلسەفە و زانستە سیاسییەکان هەیە و لە بواری هونەر و میوزیکیشدا خاوەن بەهرەیە.
Your Comment