ناتوانین هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا ئەنجام بدەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: "لەڕووی هونەرییەوە ناتوانین هەڵبژاردنی په‌رله‌مانى كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا ئەنجام بدەین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق میوانداری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمسیاران و ستافی تەکنیکی کۆمسیۆنیان کرد، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاکان کرا، کۆمسیۆن دەڵێت، ناتوانن هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا ئەنجام بدەن.

لایخۆیەوە لیژنەی یاسایی کۆمەڵێک پرسیاری سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان خستەڕوو، جەختی کردەوە پێویستە خێراتر ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت کە لە ماوەی ۲۴ کاتژمێر زیاتر نەبێت.

سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێداچونەوەیان بە کار و ئامادەکارییەکانی کرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئاماژەیان بەوەدا کە کۆمسیۆن دەستیکردوە بە دانانی خشتەی کارگێڕی کە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەران و تۆمارکردنی هاوپەیمانی و کاندیدەکان.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەسەر دیاری کردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردەوە، کە بڕیارە لە ۲۰ی ۱۲ی ۲۰۲۳ بەڕێوەبچێت، کە کۆی گشتی دەنگدەران ۲۷ ملیۆن کەسە و تائێستا ۱۷ ملیۆن کەس خۆیان لە سیستمی بایۆمەتر تۆمارکردوە و ۹ ملیۆن کەسیش خۆیان تۆمارنەکردوە.

پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، چوونکە لەڕوی تەکنیکییەوە پێویستی بە کات هەیە.

News Code 221558

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha