بەهۆی سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا، به‌های لیره‌ی تورکی شکانێکی گەورەی تۆمار کرد

بەشی تورکیا- به‌های لیره‌ی تورکی شکانێکی مێژووی تۆمارکرد و بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ کرانەوەی بازاڕدا، بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە ۲۰.۰۶ لیرەی تورکی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕاستەوخۆ دوای بردنەوەی لە خولی دووەمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی تورکیادا، پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە سیاسەتی کەمیی ڕێژەی سوودی خۆی دەپارێزێت، سەرەڕای ئەوەی هەڵاوسان لە ۴۰% تێپەڕیوە، ئەمەش داڕمانی بەهای لیری لێکەوتەوە.

لیره‌ی تورکی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ سه‌دا ۷.۳ی به‌هاکه‌ی له‌ ده‌ست‌داوه‌ و له‌ ماوه‌ی یه‌ک ده‌یه‌ی ڕابردووشدا سه‌دا ۹۰ی به‌هاکه‌ی له‌ ده‌ست‌داوه‌، بەگوێرەی ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، زۆرێک لە ئابووریناسان دەڵێن، سیاسەتەکانی سەرۆک‌کۆماری تورکیا بۆ کەم‌کردنەوەی ڕێژەی سوود و ڕێوشوێنە بەپەلەکان بۆ پاڵپشتی کردنی دراو لەگەڵ دابەزینی خێرای یەدەگی دراوی تورکیا ناتوانێت بەردەوام بێت.

یەدەگی تورکیا لەمساڵدا نزیکەی ۲۷ ملیار دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا وڵاتەکە هەوڵی داوە پاڵپشتی لیرە بکات و داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەدەگەکان بە دراوی بیانی و زێڕەوە کەمێک لە سەرووی ١٠١ ملیار دۆلارەوەیە.

بە وتەی شارەزایان، ئەگەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی لیرە خێراتر دابەزێت، ڕەنگە زیانی دارایی گشتی بە خێرایی زیاد بکات، سەرەڕای ئەوەش شرۆڤەکارانی ئابووری پێیان وایە ڕەنگە ئەردۆغان بتوانێت حساب بۆ پارەدارکردنی نوێ لە هەندێک هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووسیا بکات.

ئەردۆغان هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، دەوڵەتانی کەنداو، کە ناوی نەهێناون، پارەیان بۆ یارمەتیدانی سەقامگیر کردنی بازاڕەکانی تورکیا تەرخان کردووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستەڕوو.

News Code 221549

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha