بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی پارتی زەفەر له میانەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی ئومێد ئۆزداغ سەرۆکی حیزب و کەمال کڵیچدارئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن ڕێگەیان نەدا پەیامنێری ڕەسمی تەلەفزیۆنی کوردستان ٢٤ مایکرۆفۆنەکەی لەسەر مێزەکە دابنێت. ئەم کارە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسان و زۆرێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی دیکەوە مەحکووم کرا.
ڕۆژنامەی ئورنسل لەمبارەوە نووسی: پەیامنێری K24 لەبەرامبەر بەرپرسانی حزبی زەفەر کە ڕێگەیان پێنەدا مایکەکەی بخاتە سەر مێزەکە و وتی: "ئێمە تەنها خەریکی ئەرکی خۆمانین".
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی پەیامنێری K24 بۆ ڕووماڵی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی نێوان ئۆزداغ و کڵیچدارئۆغڵو، لە کۆتاییدا مایکرۆفۆنی K24 لەسەر مێزەکە دانەنرا و هەواڵنێرەکە و تیمەکەی ناچاربوون کۆنفرانسەکە بەجێبهێڵن.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا لەبەرامبەر سانسۆر کردنی پەیامنێری K24 لەلایەن بەرپرسانی پارتی زەفەرەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوک ردەوە کە تیایدا هاتووە: گرنگ نییە کێیە، نابێت کەس لەبیری بکات کە ئێمەی ڕۆژنامەنووس هەمیشە و لە هەموو شوێنێک بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین. ئێمە سنووردار کردنی جووڵەی ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین.
لای خۆیەوە کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی هاوچەرخ، لقی ئەنقەرە، بەیاننامەیەکی لەمبارەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "بەرپرسانی پارتی زەفەر بە بیانووی جیاییخواز بوون، ڕێگرییان لە دانانی مایکرۆفۆنی K24 لەسەر مێزەی کۆنفرانسەکە کردووە". ئەم هەڵوێستە قیزەون و نزمە ئیدانە دەکەین. وەک هاوڕێ پەیامنێرەکەمان لە میدیای K24 وتی "ئێمە تەنها ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین".
Your Comment