بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەنراوێک، قوباد تاڵەبانی پێشوازیی کردووە لە ماکیسم ڕووبین کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کردووە.
راشگەیەنراوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەوبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان ناکۆکییەکانیان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن و رێگە نەدەن ناکۆکییەکان کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دروست بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کراون و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە داوە، بەغدا قووڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ناکۆکییەکان بەشێوەیەکی ڕیشەیی و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.
باسی لەوەش کردوە، دوای ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری و ناکۆکی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە سەقامگیری زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت دۆخی خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرێت و پێکەوە کار بۆ گەشەپێدانی ئابووری بکەن.
Your Comment