پێویستە لەمە زیاتر هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دوانەخرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جنین پلاسخارت سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەیامی نوێ ئاڕاستەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و وتی: "کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە جێگری سەرۆک وەزیران هەواڵێکی خۆش بوو و بوو بەمایەی هیوایەک بۆ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان کە ماوەیەک بو بەگوێرەی پێویست نەبوو.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش، بلاسخارت ئاشکرای کرد، "لەئێستادا بەبڕیاری سەرۆکی هەرێم رۆژی 18ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هەرچیەک ئەکرێ نابێت لەوەزیاتر دوابکەوێت و پێویستە هەمووان بەو وادەیەوە پابەند بن".

ئەوەشی وت، "ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەچارەسەر نزیکبوەتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاساییبونەوەی‌ دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەلای ئێمەوە کاتی هەڵبژاردن زۆر گرنگە و دەبێت هەموان پێوەی پابەند بن و بگەنە رێککەوتن، یەکێتی و پارتیش ئێستا دەبێت بەگوێرەی خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێن و کاتی زۆریش لەبەردەستدا نەماوە و دەبێت پەلە بکرێت لەڕێکارەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن".

سەبارەت بەپەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وتی، "پەیوەندی باش لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم هەیە، بەغدا و هەولێر گەیشتونەتە رێککەوتنی کاتی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، لەئێستاشدا عێراق بەهۆی بڕیارەکەی دادگای پاریس بەراگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی‌ ملیۆنان دۆلار زیانی بەرکەوتووە".

ناوبراو جەختیشی کردەوە، پێویستە پارێزگاری لە پەیوەندی ئاسایی نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت و ئەوەشی خستەڕوو، "لەماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کاریگەری نەرێنیان هەبوە لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر".

سەبارەت بە بارودۆخی ناوچە جێناکۆکەکان بلاسخارت رایگەیاند، "لەئێستادا نیگەرانی هەیە و رێککەوتنی شنگال جێبەجێ وەک خۆی نەکراوە، دەبێت ئیدارەیەکی باش و ئاسایشێکی سەقامگیر بۆ شنگال بگەڕێندرێتەوە".
 

لەبارەی دۆخی عێراق بەگشتی، بلاسخارت وتی، "گەندەڵی ئیداری و سیاسی هەیە و کەسانی ناکارا لە بەڕێوەبردنی عێراقدان و هەوڵیش هەیە بۆ کەمکردنەوە و بنبڕکردنی، جگە لەوەش ئەوەی مەترسی لەسەر ئاییندەی ئابوری عێراق دروستدەکات، پشتبەستنی ئەو وڵاتەیە بە نەوت چونکە لەداهاتودا ئەگەری هەیە ئابورییەکەی بکەوێتە مەترسیەوە بەرەو پوکانەوەی سەرچاوەکانی دیکە بڕوات".

ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکومەتی ئێستای عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەراورد بە حکومەتەکانی 20 ساڵی رابردو، هەنگاوی ئەرێنی ناوە بۆ لەنابردنی گەندەڵی، هەمو عێراقییەکان کۆکن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی لەسەری رێککەوتون، دەبێت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، چاویان لەسەر عێراق و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە بێت".

لەبارەی سەرچاوەی ئاویشەوە، بلاسخارت وتی: "مەترسی و نیگەرانی هەیە، چونکە بەپێی سەرچاوە و راپۆرتەکان عێراق لە ساڵی 2035 تەنها دەتوانێت 15%ـی پێداویستی هاوڵاتیان لە ئاوی خاوێن دابین بکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە، بەڵام دەبێت بە هاوکاری و هەماهەنگی دەرەکی و وڵاتانی دراوسێ، ئاسایشی ئاوی عێراق بپارێزرێت"

News Code 221471

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha