وتەکانی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ئیدارەی مەسروور بارزانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى یه‌کێتى ڕایگه‌یاند: به‌ڕاستى حکوومه‌ته‌که‌ى کاک مه‌سروور ئازایه‌ و هیچ وڵات ‌و که‌سێک ئێمه‌ى کۆ نه‌کردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ خۆمان بووین بڕیارمان دا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی سه‌رۆکى یه‌کێتى له ‌کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌میانى کردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى هێڵى گه‌رم وتى: "پێشتر هه‌رکه‌س ژماره‌ى منى لابوایه‌ ته‌له‌فۆنى بۆ ده‌کردم ‌و وه‌ڵامم ده‌داته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ خێرى بنووسێ، که‌سێک هه‌ستا ژماره‌که‌ى منى بڵاو کرده‌وه‌، ئه‌وه‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى بیر له‌وه ‌بکه‌ینه‌وه‌ هه‌رکه‌س بیه‌وێت قسه‌ له‌گه‌ڵ من بکات، پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌م هێڵه‌ گه‌رمه‌وه‌ بێت ‌و هه‌فته‌ى ڕۆژێکیش ده‌وام ده‌که‌م".

سه‌باره‌ت به‌گرنگىی ئه‌و سه‌نته‌ره‌ش وتى: "سه‌نته‌ره‌که‌ په‌یوه‌ندیی به‌پرسى حزبیه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادار بوونه‌ له‌ کێشه‌کانى هاوڵاتیان له‌ فه‌رمانگه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمانگه‌کانیشیان، یان که‌سێک ده‌یه‌وێت پێم بڵێ فڵانه‌ به‌رپرسى یه‌کێتى بێزارم ده‌کات، من له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌رى کێشه‌کانیان ده‌ده‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ حزبیش یه‌کێک هه‌یه‌ پێیوایه‌ غه‌درى لێکراوه‌، با په‌یوه‌ندیی بکات".

له‌باره‌ى چاره‌سه‌ربوونى کێشه‌کانیان له‌گه‌ڵ پارتى دیموکراتى کوردستان، تاڵه‌بانى ڕایگه‌یاند: "تائێستا کێشه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ‌و چارسه‌ر نه‌کراوه‌، به‌ڵام حکوومه‌ته‌که‌ى کاک مه‌سروور بارزانى بڕیارێکى ئازایانه‌ی دا بۆ پرسى مووچه ‌و دابه‌ش کردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌کان به‌یه‌کسانى له ‌هه‌رێمى کوردستاندا".

ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه‌، "قه‌یرانى ئابوورى به‌رۆکى به ‌هه‌موو دونیا گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌م حکوومه‌ته‌ توانیى گوێ له ‌هه‌موو لایه‌ک بگرێت ‌و زۆر ئازایانه‌ بڕیار بدات‌ و خزمه‌تى کوردستان بکات، بۆیه‌ سوپاسێکى گه‌وره‌م بۆ جه‌نابى کاک مه‌سروور کاک قوباد هه‌یه‌".

له‌باره‌ى ده‌ستپێشخه‌ریه‌که‌ى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆکى پارتیشه‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانى وتى: "شتێکى باشه ‌و زۆر دڵمان خۆشه‌، جه‌نابى کاک مه‌سعوود کاک مه‌سعووده‌ هه‌ر چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ى لێده‌کرێت، سوپاسیشى ده‌که‌م هه‌واڵى منى پرسى چه‌ند جارێک".

ئه‌وه‌شى وت: "ئیشى ئێمه ‌و پارتى ئه‌وه‌یه‌ پێکه‌وه‌ بین، ڕه‌نگه‌ بۆچوونى من له ‌کاک مه‌سروور جیاواز بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌ یه‌ک بین ده‌توانین زیاتر هاوکار و هه‌ماهه‌نگ بین، هاوکات ده‌بێت بۆچوونى مامۆستا عه‌لى باپیر و مامۆستا سه‌ڵاحه‌دینیش وه‌ربگرین بۆ چاره‌سه‌رى زیاترى کێشه‌کان".

تاڵەبانی باسى له‌وه‌ش کرد: "پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێینه‌وه‌ کاک مه‌سروور هه‌ندێک بابه‌ت هه‌بوو ده‌یویست له‌گه‌ڵمان باسى بکات، بۆیه‌ دانیشتن ‌و کۆبوونه‌وه‌ى کاک قوباد و کاک مه‌سروور شتێکى زۆر باش ‌و ئیجابى بوو، دڵم خۆش بوو به‌و دانیشتنانه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌مووان ئه‌وه‌ بزانن، ئێمه ‌و پارتى بڕیارمان دا کۆ ببینه‌وه‌ نه‌ک وڵات ‌و که‌سێکى دیاریکراو، به‌ڵام سوپاسیشیان ده‌که‌ین هه‌موو هاوکارمان بوون".

News Code 221465

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha