بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (DBP) ڕایدەگەیەنێت تەنها ڕێگا بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا گفتوگۆ کردن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی PKKیە و داوای لە ئۆپۆزیسیۆن کرد ئەگەر دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان بێنێت.
ساڵیحە ئایدەنیز لە کۆبوونەوەی جەماوەریی ئورفا وتیشی: «هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار هەڵبژاردنێکە لە نێوان دادپەروەری و نادادپەروەری، لەنێوان شەڕ و ئاشتی، لەنێوان ئازادی و دیل بوون، فاشیزم و دیموکراسی».
ناوبراو درێژەی دا تا ئەو کاتەی درگاکانی ئیمرالی نەکرێنەوە، دیموکراسی و ئازادی ناییەتە تورکیا. ئەگەر لە داهاتووی نزیکدا ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و ئەوانیش درێژە بە گۆشەگیریی زۆرەملێ بدەن، ئەوا بەشدارن لە پێشێل کردنی یاسا.
ئەم سیاسەتوانە کوردە لە کۆتاییدا وتی: بەردەنگی سەرەکیی چارەسەر کردنی پرسی کوردی تورکیا عەبدوڵڵا ئۆجەلانە و دەنگدان بە پارتی چەپی سەوز ڕێگایەکە بۆ جێگیر کردنی ئاشتی.
Your Comment