کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەستپێدەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بۆ تەواو کردنی گوتبێژەکانیان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆ ببنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە، ۸-۵-۲۰۲۳، هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە بەم نزیکانە و بۆ تەواو کردنی کۆبوونەوەکانی رابردوو لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و بابەتی پێکهاتەکان و چەند پرسێکی دیکە، لەگەڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کۆ ببینەوە."

بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێشتا ئەندامانی شاندەکان و وادە و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بەتەواوەتی دیارینەکراوە، بەڵام وەکو ئەو گوتی، "کۆبوونەوەکە لە رۆژانەی کەمی داهاتوودا دەکرێت."

پارتی و یەكێتی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هێشتا بە تەواوەتی رێکنەکەوتوون، بە تایبەتی لە بابەتی کورسیی پێکهاتەکان، هەرچەندە ئەو ناکۆکییانە پێشتر زۆرتربوون، بەڵام دوای سێ کۆبوونەوە، یەکێتی و پارتی بەشێک لە ناکۆکییەکانیان یەکلایی کردەوە.

رۆژی چوارشەممە، ۰۸-۰۳-۲۰۲۳، بۆ جاری دووەم بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆ بوونەوە و لەبارەی ناکۆکییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گفتوگۆ کرا.

یەکێتی و پارتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە پێکهاتەی ئێستایەوە، لەگەڵ پەیڕەو کردنی سیستەمی فرە بازنەیی و تۆماری دەنگدەران و چەند بابەتێکی دیکە رێککەوتوون و ئەو بابەتانەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە تاوتوێ کردووە و نزیکن لە کۆدەنگی لەسەریان.

دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و بەهێز کردنەوەی یەکڕیزی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، رۆژی دووشەممە، ۸ـی ئایاری ۲۰۲۳، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.

رۆژی یەکشەممە، ۲۶-۰۳-۲۰۲۳، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا فەرمانی هەرێمیی ژمارە ۹۰ـی ساڵی ۲۰۲۳ـی لەبارەی دیاری کردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان خوێندەوە و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی ۲۰۰۵ـی هەموارکراو، کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی ۱۸-۱۱-۲۰۲۳ـی وەکوو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری کردووە.

News Code 221407

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha