بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی ۲۷ی نیسانی رابردوو، ئاراستەی کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت "سۆمۆ"ی کردووە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە، لارییان نییە لەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بخرێتە (Citi Bank) کە لە ئەبووزەبی ئیماراتی عەرەبییە.
لەم نووسراوەدا کە کەناڵی (عهد)ی سەربە قەیس خەزعەلی بڵاوی کردوەتەوە، بانکی ناوەندیی عێراق مەرجی داناوە کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی راسپێردرێت بە وردبینی کردن لە حساب بانکییەکەی هەرێم لە (سیتی بانک).
هەر لەم نووسراوەدا، بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بەوپێیەی ئەوان سوودمەند نین لە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم سوودمەندە، بۆیە حکوومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی هەر بژاردەیەک دەگرێتە ئەستۆ کە پشتی پێببەستێت بۆ وەرگرتنی ئەو داهاتانە.
لەو رێککەوتنەی کە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردوویانە، حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی عێراق رێککەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (سیتی بانک)ی ئەبووزەبی دابنرێت، بۆیە ئەم نووسراوەی بانکی ناوەندی عێراق وەکوو جێبەجێ کردنی یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە تەماشا دەکرێت.
Your Comment