عێراق تاوەکوو ئەمڕۆ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نامەی نەناردووەتە تورکیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن کراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ عێراق نامەی بۆ تورکیا نەناردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو باسی لە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، رێککەوتن کراوە، بەڵام دانوستانی جۆراوجۆر لەگەڵ کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتدا دەستیپێکردنەوەکەی دواخستووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "دوێنێ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق بووم، تەواویان کردووە و لەگەڵ کۆمپانیاکان رێککەوتوون، ئەمە مانای ئەوەیە هەرێمی کوردستان و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن؛ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان گەیشتنە رێککەوتن، بەغدا و کۆمپانیاکانیش گەیشتنە رێککەوتن، ئێستا قۆناخی داهاتوو ماوە کە پەیوەندی هەیە بەشاندی هاوبەشی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئەمڕۆ حکوومەتی عێراق هیچ نامەیەکی بۆ تورکیا نەناردووە. گوتیشی: "ئێستا کە گەیشتوونەتە رێککەوتن نامەکە دەنێردرێت؛ کە خاڵێکی پەیوەندی بەوەوە هەیە تورکیا رێگەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کورستان بدات".

بە گوتەی فوئاد حوسێن، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "هیچ" کێشەیەکی یاسایی نەماوە.

لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، پڕۆژەکە لە حکومەت تەواوبووە و لە پەرلەمانە، بۆ جێبەجێ کردنیشی مانگ و نیوێک بۆ دوو مانگی دەوێت.

فوئاد حوسێن باسی لە ناردنی 400 ملیارەکە لە بەغداوە بۆ هەولێر کرد و گوتی، تاوەکو جێبەجێکردنی بودجەی عێراق، "دەبێت" بەغدا مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە گوتی، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان تاوەکوو لێکنزیک بن کورد لە بەغدا بەهێزتر دەبێت.

لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.

News Code 221368

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha