بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی کوردستان تیڤی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوی کردەوە: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرا.
هەر لەدیدارەکەدا وەزیری بەرگری ئیتالیا، بانگهێشتنامەی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیای گەیاندە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەردانی کردنی ڕۆما ، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو خۆی بە دۆستێکی کۆنی گەلی کوردستان دەزانێت و جەختیشی لە بەردەوام بوونی پشتیوانی کردنی پێشمەرگە کردەوە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئیتالیای کرد کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پشتیوانی گەلی کوردستانە، هەروەها هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێم و ئیتالیا لە هەموو بوارەکاندا زیاتر بەرەو پێش بچن . بەتایبەتی کە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیتالیا .
Your Comment